شارپرێس:
چەند هەفتەیەک لەمەوبەر "دیانا حەدداد"ی گۆرانیبێژی لوبنانی گۆرانییەکی وێنەگیراوی بەناوی "ناکۆک نابین" بڵاوکردەوە کە بەشێوەزاری لوبنانی وتراوە و مۆرکێکی کلاسیکیانەی هەیە،گۆرانییەکەش دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەناو جەماوەردا هەبوو.
حەداد دەڵێت هەندێک جار گۆرانی بێئەوەی وێنەی بگیرێت سەرکەوتوو دەبێت و کاریگەرییەکی زۆر لەسەر جەماوەر بەجێدەهێڵێت، دەشڵێت وێنەگرتن تەواوکەری گۆرانی دەنگییە، بەڵام بەشێکی بنەرەتی نییە و بەگرنگترین بەشی گۆرانییەکە هەژمار ناکرێت.
هونەرمەندە لوبنانییەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە خۆی ئامادە دەکات بۆئەوەی بە شێوەزارەکانی سعوودی و عێراقی و لوبنانی گۆرانی نوێ بڵاوبکاتەوە و لە ئەلبوومە نوێکەشیدا شیعری شاعیرانی نوێ وەردەگرێت.
دیانا حەداد لەساڵی ١٩٧٦ لە گوندێکی بچووکی باشووری لوبنان لەدایک بووە و خاوەنی رەگەزنامەی ئیماراتیشە، یەکێکە لە ناسراوترین گۆرانیبێژەکانی جیهانی عەرەبی کە بە "میری گۆرانی عەرەبی "ناسراوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی