ئایا دوای هێرشەكانی شاری نیس پاریس توندڕەووەكان دیپۆرت دەكاتەوە؟

جیهان

03/11/2020‌ 1095 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەو كاردانەوە توندەی لە لێدوانەكانی ئیمانوێل ماكڕۆنی سەرۆكی فەڕەنسا كەوتەوە سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین لە فەڕەنسا، توركیا لە ڕووی سیاسی و ئابوروییەوە سودی لەو لێدوانانە وەرگرت و داواشی كرد موسوڵمانان بایەكۆتی كاڵا فەڕەنسییەكان بكەن، ئایا ئەو ڕوودوا چۆن كار دەكاتە سەر پەیوەندییە دەرەكییەكانی فەرەنسا؟ فەرەنسا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئیسلامییە توندڕەووەكانی وڵاتەكەیدا دەكات؟ ئایا پاریس ئیسلامییە توندڕەووەكان دیپۆرتی وڵاتەكانیان دەكاتەوە؟

یەكەم وڵات تونسە كە وا بڕیارە جیڕاڵد دارامانان- ی وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا لە هەفتەی ئایندەدا سەردانی بكات، ئەمەش لە ئەكامی ئەو هێرشە تیرۆرستییە خوێناوییەی توندڕەووێكی تونسی كردەیە سەرساموێل پاتی لە یەكێك لە گەرەكەكانی پاریسی پایتەخت.

سەردانەكە پەیوەستە بە لێكتێگەیشتنی هەردوو ولات سەبارەت بە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دۆسییەی كۆچبەران و پرسی دیپۆرتكردنەوەی ئەو كۆچبەرە تونسییانەی بە شێوەیەكی نایاسایی هاتوونەتە فەرەنسا.

پێشتریش تونسییەكی دیكە سەر بە داعش، هەر لە شاری نیس و لە ساڵی 2016 بە بارهەڵگرێكی گەورە هێرشێكی تیرۆرستی كردەسەر دانیشتوانی شارەكە و 80  كەسی شیلان.

ئەم كردە تیرۆرستییانە فشارێكی زۆریان بۆ سەر ڕەوەندی تونسی لە فەڕەسنا دروست كردووە كە ژمارەیان 600 هەزار كۆچبەرە، پەیوەندی نێوان فەرەنسا و تونس- یشی بەرەو دۆخێكی خراپ بردووە.

سەرباری دۆخی نالەباری فەڕەنسا و ئەوروپا، خالید عوبێدی شڕۆڤەكاری سیاسی و مێژوونووس لە زانكۆی منویە لە تونس بە دووی دەزانێت پەیوەندی نیوان فەڕەنسا و تونس درزی تێبكەوێت، پێشی وایە تونس نایەڵێت بە هۆی ڕەفتاری تیرۆرستی چەند هاوڵاتییەكییەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ فەڕەنسا بەرەو خراپی بچن و ئەمە بۆ فەڕەنساش هەر ڕاستە. 

عوبەیدی بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا وتی: پرسەكە پەیوەستە بەوەی ئاخۆ تونس ڕازی دەبێت ئەو تونسییە توندڕەووە ئیسلامییانە دیپۆرتی تونس بكرێنەوە، ئەو پێی وایە تونس ڕازی دەبێت، بەڵام ئاخۆ هەموو ئەو كەسانە توندڕەوون؟ دەبێت فەڕەنسییەكان ڕاستی و دروستی ئەو پرسە یەكلایی بكەنەوە.

چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ لە تونس ترسی ئەوەیان هەیە ئەو پرسە بكرێتە پاساوێك بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتێكی دیپۆرتكردنەوەی بە كۆمەڵ بۆ وڵاتەكەیان، دواتریش هەزارەها لەو توندڕەووانە لە شوێنیكی وڵاتی تونسدا كۆبكرێنەوە و بەند بكرێن.

ڕەمەزن بن عومەر – ی ئەندامی كۆڕبەندی تونسی بۆ مافە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان پێشبینی ئەوە دەكات شەپۆلێكی گەورەی دیپۆرتكردنەوەی تونسییەكان دەستپێبكات و كۆت و بەندی زیاتریش بخرێتە سەر ئەو كۆچبەرانەی تونسییانەی ڕوو لە دەرەوەی وڵات دەكەن، ئەوانەش بگرێتەوە كە مافی مانەوەی هەمیشەییان هەیە لە فەرەنسا.

بن عومەر ئەوەشی گوت: دورو نییە ئەو جۆرە ڕووداوە كارەساتبارانە لە لایەن ڕاستڕەووە توندڕەووەكانی فەرەنسا و ئەوروپییەكان بقۆزرێنەوە بۆ دەستخستنی دەستكەوتی سیاسی، بەمەش كاریگەری دەخەنە سەر حكومەتەكانیان كە سیاسەتی توندتر لە بەرامبەر كۆچبەران بگرنەبەر و هەڵمەتێكی گەورەش دژ بەو چالاكوانانە دەست پێ بكەن كە داكۆكی لە مافی كۆچبەران دەكەن.

بن عومەر وتیشی: حكومەتەكانی فەرەنسا و ئیتالیا بە گرتنەبەری سیاسەتی دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەران گەرەكیانە فشارەكانی شەقام كەم بكەنەوە، لەوەش دەترسن ئەو ڕێوشوێنانە كارگێڕێ بن نەوەك دادوەری، ئەمەش دژ بە جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤی جیهانییە.
ئەم پرسە هەر پەوەست نییە بە دۆسییە ئەمنی و كۆچبەرانەوە، بەڵكو هەڕەشەشە بۆسەر متمانەداری نێوان فەرەنسا و تونس، دوای تیرۆركردنی مامۆستا ساموێل پاتی بە هۆی تەنگژەی وێنە كاریكاتێرەكانی محەمەد پێغەمبەر، تونس بە فەرمی هاوخەمی خۆی بۆ پاریس دەربڕیووە و لە هەمان كاتیشدا بە وورییاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەكات تاوەكو بەوە تۆمەتباری نەكەن كە دژ بە ئیسلامە.

لە لایەكی دیكەشەوە زۆرێك لە تونسییەكانی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، پشتیوانی خۆیان بۆ بایەكۆتكردنی كاڵا فەرەنسییەكان دەربڕیووە و لە باشوری وڵاتیش ڕێپێوانی نارەزاییان دژ بە وێنە كاریكاتیرەكانی دژ بە پێغەمبەر ی ئیسلام ڕێكخستووە.

سەبری عەبدولغەنی كە پێشنوێژ و ووتارخوێنی یەكێك لە مزگەوتەكانی تونسی پایتەخت و چالاكوانێكی كۆمەڵی مەدەنییە لەوبارەوە وتی: ئەوەی لە پاریس و نیس ڕوویاندا تیرۆرە، بەڵام ئیسلام لێی بێبەرییە، كاردانەوەی موسوڵمانانی سادە و ساكاریش هەمیشە سۆزەكییە، سەرەڕای ئەوەش نابێت ئەوە بە كەم بگرین ئەو وێنە كاریكاتێرییانە هەستی موسوڵمانانیان بریندار كردووە.

عەبدولغەنی وتیشی: عەلمانییەت واتای جیاكردنەوەی ئاینە لە سیاسەت، بەڵام عەلمانییەتی فەرەنسا توندڕەووە و دژ ئاینی ئیسلامە، ئەم ڕەووتە لە بەریتانیا و ئەڵمانیا بوونی نییە.

جەمال موسلیم- ی سەرۆكی ڕایەڵەی تونس بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی مرۆڤ وتی: ئێمە لەگەڵ ئازادی ڕادەربڕینین و داواش دەكەین ڕیزی هەموو ئاینەكان بگیرێت، بەڵام كاردانەوەی فەرەنسا بەرامبەر ڕووداوەكە زۆر توند بوو، توركیاش ئەو ڕووداوەی بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی قۆزتەوە.

سه‌رچاوه‌: پێگەی ئەلەكترۆنی ئەحوال توركیا
نوسەر: 
وه‌رگێران: لوقمان حاجى قادر