‎لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كه‌ی چه‌مانكێ بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان

06/11/2020‌ 919 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
‎لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كه‌ی چه‌مانكێ بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، ‎داوا لەسەرجەم هێزە كوردستانیەكان دەكەن كە خۆیان لە شەڕی خۆكوژی بەدور بگرن و كێشەو گرفتەكان بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بكەن.

له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا ‎لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌: ‎لە ئاكامی كردەیەكی سەربازی بەرامبەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە لە لایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە ئەنجامدرا، لە ناحیەی چەمانكی لە قەزای ئامێدی ‎لە بەرواری 4-11-2020 ‎پێشمەرگەیەك بە ناوی (هێرش جوهر محمد)شەهید بوو چەند پێشمەرگەیەكیش بریندار بوون،"ئیدانەی ئەم كردەیە و هەموو كردەیەكی هاوشێوەی دەكەین، هەموو شەڕێكی كورد كوژی و مەحروم  و شەرمەزاری دەكەین".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "‎داوا لەسەرجەم هێزە كوردستانیەكان دەكەین كە خۆیان لە شەڕی خۆكوژی بەدور بگرن و كێشەو گرفتەكان بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بكەن. ‎شەڕ ماڵ وێرانكەرە و كەس تێیدا براوە نیە، ‎پەنابردن بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی و توندوتیژی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی وەدیهێنەری ئازادی و بونیادنەری قەوارەی سیاسی و دەستووری هەرێمی کوردستان و وەک هێزێکی دەستووری و بەشێک لە سیستمی بەرگری دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ".

‎لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌شڵێت: پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و دەستوور و سەروەری عیراق وهەرێمی کوردستانە، و بەتەواوی دەستێوەردانێکی نایاسایی و ناڕەوایە لەکاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، "شەڕی خۆبەخۆی کوردان لەگەڵ یەکتری جگە لە زیان و کارەسات و لاوازکردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و ڕژانی خوێنی لاوانی کوردستان و سوتانی جەرگی دایک و باوکان شتێکی دیکەی لێ نەهاتۆتەدی، بۆیە دەبێ هەوڵ و تێکۆشانی هەموو لایەک بۆئەوە بێ کە پێش بەشەڕ بگیرێ و ئەگەر کێشەش هەبن دەبێ بە گفتوگۆ و ئامرازی ئاشیانە چارەسەر بکرێن".

رونیشیكردووه‌ته‌وه‌: ئەرکی هەموو پارت ولایەنەسیاسیەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانە بەگشتی ئەگەر پێیان ناکرێ لەڕوبەڕووبونەوەی قەیرانەکان هاوکاری گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان بن، ئەوا با کێشەی بۆدروست نەکەن. ‎

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی لیژنەی پیشمەرگەدا هاتووه‌: "ئەوە وەبیر هەموولایەک دەهێنینەوە کە بەداخەوە ئەو دەسکەوتانەی کە بەهۆی خەباتی مێژوویی و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی گەلەکەمان و بەخشینی دەریای خوێنی ڕۆڵەکانمان بەدەستمان هێناوە وا خەریکە لە ئەنجامی ناکۆکی و ناتەبایی نێوان هیزە سیاسیەکانی کوردستان کەوتونەتە بەر هەڕەشە و مەترسی جۆراوجۆر، ‎بۆیە داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسی و كەسایەتیەكان دەكەین، دەست لەناودەست هەوڵی پێش گرتن بەم ڕووداوە نەخوازراوانەو یەك خستنی هەوڵ و هەڵوێستی نیشتمانی لەپێناو دورخستنەوەی شەڕو باڵادەستی ئاشتی و بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش و تەرخان کردنی وزەو تواناکان بۆ ڕوبەڕووبونەوەی قەیرانەکان نەک بەفیڕۆدانیان لەشەڕی خۆکوژیدا".