شارپرێس:
بۆ دووه‌مجار له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه لێدوانی توندی به‌رامبه‌ر گرژییه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی نێوان په‌كه‌كه و پارتیدا، به‌رپرسانی یه‌كێتیش بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردوه.
سه‌ربه‌ست له‌زگین، بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له پشكی پارتی ئه‌مڕۆ هه‌ینی ڕایگه‌یاند، "په‌كه‌كه ئاراسته كراوه به ئامانجی تێكدانی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، هێرشكردنه سه‌ر داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌یه، كه په‌كه‌كه كار بۆ تێكدانی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات".
له‌به‌رامبه‌ر وته‌كانی بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، به‌رپرسانی یه‌كێتی له‌و وه‌زاره‌ته بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردوه له‌سه‌رو هه‌موویانه‌وه شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه، چاودێرانیش پێیانوایه ده‌بێت ئه‌و وه‌زاره‌ته له ململانێ حزبییه‌كان خۆی به‌دوور بگرێت.
ئه‌و قسانه‌ی سه‌ربه‌ست له‌زگین ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمی وه‌زاره‌تی پیشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه، هاوكات هه‌ر ئه‌م هه‌فته‌یه بریكاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فیزیۆنیدا ڕایگه‌یاند، "پێمانخۆش نییە شەڕ بکرێت، به‌ڵام ئەگەر شەڕ بێتە بەردەرگەکەت ناچارین شەڕ بکەین".
تا ئێستا دیارنییه به‌رپرسانی باڵای یه‌كێتی له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئاگاداری لێدوانی توندی بریكاره‌كه‌یانن یاخود نا، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه داواكارییه‌كی به‌رفراوان له‌ئاستی كه‌سایه‌تی و جه‌ماوه‌ریی هه‌رێم هه‌یه، بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان په‌كه‌كه و پارتی.