ئەردۆغان هاوپەیمانەتیە کۆنەکەى لەگەڵ بارزانی دژی ئۆجەلان زیندوو دەکاتەوە

مەلەفی تایبەت

08/11/2020‌ 3961 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێزەكانی بارزانی لە ساڵی 1997 بە پشتیوانی سوپای توركیا دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان چوونە جەنگەوە، ئەم شانۆیە چەندجاری دیكەش بەردەوام بوو، لە ئیستاشدا ئەردۆغان لە هەولی ئەوە دایە ئەو سیناریۆیە دووبارە بكاتەوە و لە بەرامبەر پشتیوانییەكی مادیدا، پارتی بگلێنێتە شەڕی پەكەكەوە.

لە كاتێكدا میدیای جیهانی لە ئێستادا سەرقاڵی هەواڵەكانی جۆ بایدن و دۆناڵد تڕەمپە، لە لایەكی دیكەوە هاوپەیمانییە مێژوویە گەرموگوڕەكەی ئەردۆغان و مەسعود بارزانی كە بە هۆی ڕیفراندۆمەكەی ساڵی 2017 ساروسڕی تێكەوتبوو، دووبارە كەوتۆتەوەگەڕ، بە گوتەی مەسعود بارزانی، ڕیفراندۆمەكە دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی و دەروونی بارزانی لەقكرد و سوپای عێراق دەستی بەسەر ناوچە دابڕێندراوەكان و كەركوكدا گرتەوە.

چەند ڕۆژێكە دەنگۆی سەرهەڵدانی بارگژی لە نێوان هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان گەرموگوڕە، بارزانی پێ وایە هێزەكانی پەكەكە بارێكی قورسن بەسەر هەرێمەوە و بەغداش هەمان بۆچوونی هەیە.

تەقینەوەی بۆری نەوتی هەرێم لە 30 ئۆكتۆبەری ئەمساڵ كە نەوت دەگوازێتەوە بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ ئیسڕائیل، ئاماژەیە بۆ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو هێزە كوردییە كە لە ئێستادا هێرشی میدیایی دەكەنە سەر یەكتری و یەكتری دەبوغزێنن، پەكەكە پارتی بەوە تۆمەتبار دەكات كە هاوپەیمانی ئەردۆغانە و خەریكی پیلانگێڕانە دژ بە پرسی نەتەوەیی گەلی كورد، مەبەست لەم قسەیەش دژایەتیكردنی پارتییە بۆ دەسەڵاتە كوردییەكەی ڕۆژئاوای كوردستان لە باكوری سوریا كە لە لایەن واشنتۆن و دەوڵەتانی خۆرئاواوە پشتیوانی لێ دەكرێت.

بارزانی پێ وایە ئەمریكا و خۆرئاوا پشتی تێدەكەن و دەسەڵاتەكەی كوردانی ڕۆژئاوا لە باكوری  سوریا شوێنی پارتی دەگرێتەوە، بە تایبەتیش دوایی ئەوەی ئیدارە كوردییەكەی باكوری سوریا بە سەركەوتووی شەڕی داعشیان كرد و متمانەی خۆرئاوایان بەدەستهێنا، ئەم ترسەی بارزانی چەند پاساویكی هەیە؛ یەكێك لەوانە ڕەتكردنەویە ڕیفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانی ساڵی 2017 بوو لە لایەن خۆرئاواوە كە هەریەك لە تاران و ئەنقەرەش ڕەتیان كردووە، بە تایبەتیش هەڵوێستی ئەنقەرە كە بۆ بارزانی هەڵوێستێكی شۆكهێنەر بوو، چونكە پارتی ئومێدی زۆری لەسەر هەڵویستی توركیای هاوپەیمانی هەڵچنی بوو، دوو مانگ پێش ڕیفراندۆمیش بارزانی لە ئەستەمبوڵ چاوی بە ئەردۆغان كەوتبوو.

ئەم هەڵویستەی توركیا بۆ ماوەیەك سارد و سڕی خستنە نێوان ئەردۆغان و بارزانی، بەڵام پێش هێرشی سەربازی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان لە هاوینی ڕابردوو، هاوپەیمانييە دێرینەكەیان تازە كردەوە، بەمەش توركیا دەستی بەسەر زۆر شوێنی ستراتیژی نزیك لە قەندیلدا گرت كە نزیكن لە بنكە و بارەگاكانی پەكەكە.

سوپای توركیا لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، نزیكەی 15 بنكەی سەربازی دامەزراندووە، ئەمە جگە لەوەی لە ساڵی 1991 و لەگەڵ هاتنی هێزەكانی چەكوشی ئەمریكی  بۆ توركیا، ئەنقەرە چەندەها بنكەی دیكەی سەربازی لە هەرێمی كوردستاندا دامەزراندوون.

 هەندێك پێیان وایە ئەو بۆشاییە ئەمنی و سیاسییەی لە عێراق دروست بووە، هۆكاری سەرەكی بوونی ئەو هێزانەی توركیایە لە هەرێمی كوردستاندا، پاساوی ئەنقەرە بوونی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستانە لە ناوچەكەدا، پێشتریش هەر بەو پاساوە پەلاماری دەسەڵاتە كوردییەكەی ڕۆژئاوای كوردستانیدا كە لە ئێستادا هێزێكی تۆكمەن و بوونی خۆیان سەلماندووە و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە لایەن ئەمریكا و خۆرئاوا بە تایبەتیش فەرەنسا و ئیتاڵیا و ئەمریكا پشتیوانیان لێ دەكرێت، لەولاشەوە هەریەك لە میسر و سعودیە وئیماڕات بە ئامانجی فشارخستنەسەر توركیا پشتیوانی لەو هێزە كوردیانە دەكەن.  

 سودمەندی هەرەگەورەی ئەو ڕووداوە دژیەكانە ئیسڕائیلە كە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولەوە پەیوەندی باشی لەگەڵ بارزانییەكاندا دروست كردووە، لە ئێستاشدا تەلئەبیب پەیوەندی باشی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكراتدا هەیە. هەموو ئەمانە وایان لە ئەنقەرە كردووە هاوپەیمانە دێرینەكەی لەگەڵ بارزانیدا زیندوو بكاتەوە كە لە ساڵی پەنجاكانەوە دروستی كردوو، بۆ ئەمەش سودی لە ناكۆكی و ململانێی نێوان بادینی و سۆرانییەكان وەرگرتووە كە یەكەمیان بارزانی و دووەمیشیان جەلال تاڵەبانی سەركردە بوو.

لە ناكۆكییەكانی نێوان یەكیەتی و پارتیدا، توركیا هەمیشە لاگیری بارزانی بوو دژ بە تاڵەبانی، لە ئێستاشدا هەر وایە و هاوكێشەكە نەگۆڕاوە، هەر چەندە تاڵەبانی هەوڵیدا ئەو پەیوەندیییەكانی لەگەڵ ئەرۆدغاندا باشتر بكات، بەڵام ئەو هەوڵانە بێ سوود بوون و سەریان نەگرت، هۆكاری ئەو پەیوەندییە پتەوەی نێوان پارتی و ئەردۆغان ئەوەیە كە ئەو دووانە لە زۆر شتدا لەیەك دەچن و لە زۆر بنەمای هزری و سیاسی و ئابووریدا خاوەن دیدگای هاوبەشن.

پێشمەرگەكانی سەر بە بارزانی لە ساڵی 1997 دژ بە پەكەكە لە تەك توركیا شەڕیان دەكرد، چەندەها جاری دیكەش ئەمە دووبارە بۆتەوە، لە ئێستاشدا ئەردۆغان گەرەكیەتی ئەم شەڕە دووبارە بكاتەوە، لە بەرامبەریشدا پشتیوانی مادی بارزانی دەكات كە حكومەتەكەی بەدەست تەنگژەی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنێت، لە هەمان كاتیشدا حكومەتەكەی هەولێر (بەشە پارتییەكەی) پەیوەندی لەگەڵ  دەسەڵاتی یەكیەتی لە سلێمانی و حكومەتی مەركەزی بەغدا باش نییە. لە سەرێكی دیكەشەوە لێكچوونێكی زۆر لە نێوان تێگەیشتن و ئامانجەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و یەكیەتی نیشتمانی كوردستاندا هەیە كە پێشتر جەلال تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكرد.  

دوای ئاشتبوونەوەی لەگەڵ توركیا، تاڵەبانی هەوڵێكی زۆریدا ئۆج ئالان لە بەندیخانە ئازاد بكات، بەڵام توركیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ بارزانی پێ باشتر بوو وەك لە تاڵەبانی، لەمەشیاندا سوودی لەو هۆزانەی وەرگرت كە 150 هەزار كەسیان لەژیر ناوی پاسەوانی گوندەكان پشتیوانی لە ئەنقەرە دەكەن، لە ئێستاشدا ژمارەی ئەو چەكدارانە كەمبوونەوە بۆ 60 هەزار كەس و بە فەرمیش موچە لە دەوڵەتی توركیا وەردەگرن.

لە سایەی پەرەسەندنی ڕووداوەكانی ناوچەكە و تەنگژەی كۆرۆنا و گەندەڵی و هاوسێیەتی عێراق لەگەڵ سوریا و توركیا و ئێران و دەوڵەتانی كەنداو كە خاوەن ئەجێندای جۆراوجۆرن، پێ ناچێت عێراق بتوانێت پرسە ئاڵۆزەكانی چارەسەر بكات. ئەمەش وا لە لایەنگرانی بارزانی و ئۆج ئالان دەكات هەر یەكەیان پێگەی خۆیان بەهێزتر بكەن و هەوڵی بەدەستهێنانی زیدەمافی سیاسی و سەربازی و جوگرافی و جەماوەری زیاتر بدەن، بە تایبەتیش كە بە هۆی پشتیوانی ئەمریكا بۆ ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان لە باكوری سوریا، هەستی نەتەوایەتی كوردەكان بەرەو هەڵكشانە لە ناوچەكەدا.

ئەمەش وا دەكات پارتی كرێكارانی كوردستان و پارتی یەكیەتی دیموكراسی كوردستانی سوریا سیاسەتی فشارخستنەسەر بارزانی بەرەو هەڵكشان بەرن و زیاتر گەمارۆی پارتی بدەن، چونكە دەزانن پارتی بە هۆی پەیوەندییە خراپەكانی لەگەڵ دەسەڵاتی سلێمانی و حكومەتی ئیتحادی لە بەغدا و تایبەتریش لەگەڵ بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار، لە ئێستادا بەرەو لاوازی زیاتر دەچێت.

ئەمەی سەرەوە ئاماژەیەكی بەهێزە كە بەم زووانە باكوری عێراق ئاڵۆزی و پشێوی و زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، دەستتێوەردانی هەواڵگری توركیاش لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر و زیاتر دەبێت و هەماهەنگی نێوان بارزانی و توركیاش بەرەو هەڵكشان دەچێت.

لەولاشەوە پارتی كرێكارانی كوردستان دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی ئێستا بە هەل دەزانی ئەو سەركەوتنانەی برەوپێ بدات كە لە 5 ساڵی ڕابردوودا بەدەستیهێناون، لەمەشیاندا سوودی لە پشتیوانی تڕەمپ وەرگرتبوو، لە ئێستاشدا لەوانەیە جۆ بایدنی سەرۆكی تازەی ئەمریكا كە زۆر ڕقی لە ئەردۆغانە پاڵپشت و پشتیوانیان بێت، بۆیە لەوانەیە ئەردۆغان زۆر بە خێرایی جوڵە بكات تاوەكو بەر بە هەر مەترسییەكی چاوەڕوانكراو بگرێت لە دژی توركیا، لەوانەیە دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی گەل لە سوریا جوڵەی تازە بكات، لە مەشیاندا پێویستی بە پشتیوانی دەسەڵاتەكەی هەرێمی كوردستانە كە هەمیشە پشتی پێبەستووە.

ساڵانی ڕابردوو ئەوەیان سەلماندووە كە لە دوای هەردوو پەیمانی سایكس – بیكۆ و سیڤەر، ئەوەی بەلای خۆرئاواوە گرنگ بووە تەنها بەرژەوەندییەكانی خۆیان بووە، لەمەشیاندا دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ تەنها و تەنها دروشمن، بە تایبەتیش كە هێشتا كورد قۆناغی ناكۆكی ناوخۆییان تێنەپەڕاندووە، ئەمەش وایكردووە ببنە كارتێك بە دەست هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانەوە، ئەو دۆخەكەش كورد  بە دەستی خۆی دروستی كردووە، لە مێژوودا وابووە و لە ئێستاشدا هەر وایە.

سه‌رچاوه‌: پێگەی ئەلەكترۆنی ئەلمەیادین
نووسین: حوسنی مەحلی
وه‌رگێران: لوقمان حاجى قادر