سیاسەتى چەند ساڵەى ئیدارەکەی.. ڤایرۆسى شەیتانى لە ترەمپەوە دەگوێزرێتەوە بۆ سوریا

مەلەفی تایبەت

15/11/2020‌ 1399 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هێشتا چەند مانگێک بەسەر گرتنە دەستى دەسەڵات لەلایەن ترامپەوە تێنەپەڕێ بوو، تاکو بۆ هەموو جیهان روونبووەوە کە لێهاتوییە سیاسیەکانى لە ئاستى سەرۆکێکدا نیە کە سەرۆکى وڵاتێکى زلهێز بێت.

لەسەر ئاستى سیاسەتى ناوخۆو دەرەوەدا، ترامپ و ئیدارەکەى یەکسەر شێوەى دۆزەخییان داهێنا، سەرەڕاى ئەو گەمانەى دەستپاکیان لە دەست دەدا، جیهان لە پیلانگێڕى و تەڵەو رێککەوتنى نهێنى نزیک دەبوەوە؛ نەوەک جیهانى سیاسەتى مەزن و پلانى سترتیژى بەردەوام. مەبەستیش لەمە؛ مانەوە بوو لە دەسەڵاتدا بۆ ماوەى هەشت ساڵ.

بۆ بەدەست هێنانى ئەم ئامانجە، ئیدارەى سەرۆک سیاسەتى شەیتانى ناوخۆیى و دەرەکى هەڵبژارد، لەناوخۆدا هەستا بە شەیتانکردنى دیموکراتەکان، لە نێویاندا هەموو ئەو دەسکەوت و پەیماننامەو دامەزراوە راگەیاندنانەى پەیوەندییان بەوانەوە هەبوو، هەروەتر دابەشبوونێکى چاوەڕواننەکراویان لە کۆمەڵگەى ئەمریکیدا دروست کرد، بەو ئامانجەى زۆرترین ژمارەى کۆماریەکان لەدەورى هەڵمەتى ترامپ دژى دیموکراتەکان بەکاربهینن، بەوەى ئەوان ئەو دوژمنەن کە دەیانەوێ ئەمریکا لە ناوخۆدا وێران بکەن.

لەلایەکى ترەوە، هەموو بەرنامەى دیموکراتەکان بووە بەرگریکردن لە بەرژەوەندى کەمینەکان و پەنابەران و چاودێرى تەندروستى بۆ ئەوانەى داهاتیان کەمە.

لەسەر ئاستى سیاسەتى دەرەوە، بەشەیتان کردنى روسیا و چین قالبێکى حازرى هەبوو، کە خۆى لە مۆرکى هەرەشەى راستەوخۆبان دەینیەوە بۆ سەر بەرژەوەندیەکانى ئەمریکا لە جیهاندا، و ترامپ لە بەرامبەر کۆمەلگەى ئەمریکیدا وەها خۆى نیشاندا بەوەى بەرگرى لەو بەرژەوەندیانە دەکات لە پێناو سەرلەنوێ کردنەوەى ئەمریکا بە زلهێز و پشتیوانیەکى جەماوەرى فراوانى بەدەستبێنێ دژى روسیا؛ کە بەربەستێکى گەورەى بەردەم ئەم زلهێزیەیە.

لەلایەکى ترەوە، و لە پەیامیدا بۆ ئەمریکیەکان، سەرۆکى هەلبژێدراو جۆ بایدن دووپاتیکردەوە کە دەیەوێ کۆتایى بەو سیاسەتى بە شەیتانیکردنە بهێنێ کە ترامپ پەیڕەوى لێدەکردو ئەمریکا بۆ ماوەى چوارساڵ تیایدا ژیاوە. پێدەچێ، ئەمە ماناى ئەوە بێت، ئیدارەى نوێى ئەمریکا گۆڕانکارى ریشەیی دەکات لە سیاسەتى دەرەوەیدا، و ئەمەش ئاسۆیەکە بۆ کۆمەلگەى نێو دەولەتى و مژدەیەکە بۆ سەقانگیرى و هاوکارى کردن بۆ خزمەتى مرۆڤایەتى و گەشەسەندنەکەى.

دیارە سیاسەتى بەشەیتانیکردن، کە لەلایەن ئیدارەى ترامپەوە پەیڕەوى لێدەکرا شوێنەوارى راستەوخۆى لەسەر پرسە هەرێمایەتیەکان هەبوو لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کۆمەڵگەى سوریش یەکێک لەوانەى توشى دابەشکاریەکى بێ وێنە بوەوە؛ بەهۆى ئەوانەى دەیانویست سوریا بەشەیتان بکەن. ئەگەریش وا نییە؛ چۆن تەفسیرى ئەو هەڵمەتە دژە دەکرێت بۆ دەستپێشخەرى روسیا کە دەیەوێ رۆڵیکى چالاک ببینێ بۆ چارەسەر کردنى کێشەى پەنابەرانى سوریا. 

ئەم دوژمنکاریە بۆ دەستپێشخەریەکە گەیشتۆتە ئاستێک لەلایەن هاوپەیمانى نیشتمانى بۆ هێزە شۆرشگێرو بەرهەڵستکارە سوریەکانەوە، ئەم کۆنگرەیە بە تاوان ناو ببرێ.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، باس لەچى تاوانێک دەکەن؟ ئایە کەمکردنەوەى ئازارى هاوڵاتیان و هەوڵدان بۆ گەڕانەوەیان تاوانە؟ هەوڵەکانى هەماهەنگى و دووبارە بنیادنانەوەى ژێرخان و بەدەست خستنى ئاوو کارەبا و هۆکارەکانى ژیان بۆ مرۆڤ تاوانە؟

بڕواموایە ئەوانەى چاویان لەوەیە بەربەست بخرێتە بەردەم هەموو ئەو هەوڵانەى کە دەدرێ بۆ جێبەجێکردنى بریارى ئەنجومەنى ئاسایش ژماریە ٢٢٥٤ و ئەوەى لە بەندى پەنابەراندا هاتوە بۆ گەڕانەوەیان بۆ شوێنى خۆیان، لە ئێستادا دەیانەوێ نەک تەنها رژێم وەک شەیتان وێنا بکەن، بەڵکو هەموو ئەوانەش کە راستگۆن لە هاوکارى کردنى گەلى سوریادا.

ئێمە لە بەرامبەر چەند کۆمەڵەیەکداین کە دەیانەوێ بەهەر نرخێک بێت رژێمى دیمەشق لەسەر دەسەڵات نەمێنێ، هەتا ئەگەر ئەمە لەسەر حسابى سەرجەم گەلى سوریا بێت، ئەمەش دواى بژاردەى سەربازى و وێرانکردنى شارە سوریەکانەوە دێت.

گوناهى گەلى سوریا چیە، هاوڵاتیە سادەکان چیان کردوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە سیاسەت و ململانێکان نیە لەسەر دەسەڵات؛ هەتا توشى ئەو ژیانە کاراستباراویە ببنەوە کە ئێستا تیایدا دەژین.

بەردەوام بوون لە چاندنى رق و کینە لە نێو سوریەکاندا، و گرەو کردن لەسەر لایەنێکى نێو دەولەتى بۆ ئەوەى یارمەتى گەلى سوریا بدات، جگە لەوێرانکردنى ژیانیان هیچى لێ سەوز نابێت، و کارەساتەکەیان درێژ تر دەکاتەوە کە ماوەى چەندین ساڵە پێوەى دەناڵێنن.

دیارە کێشەى سوریا تەنها لە نێو خۆى سوریەکاندا چارەسەر دەبێت، دواى ئەوەى کۆمەڵەى ئەستانە ئاگربرى تەواوى بەدەست هێنا لەسەرجەم خاکى ئەو وڵاتەدا، بۆیە لەسەر سەرکردایەتى دیمەشق و بەرهەلستکارەکانیش پێویستە بەرپرسیارێتى ئەو دۆخە لە ئەستۆ بگرن.

نەخشە رێگاکەش روونە و تەنها پێویستى بە ئیدارەیەکى سیاسى سورى هەیە لە هەردوولا، بۆ سەرخستنى کارى لیژنەى دەستورى و شەرعیەتدان بە بریارى ئەنجومەنى ئاسایشى ژمارە ٢٢٥٤، جگە لەمە هیچ دەرچەیەکى تر نیە، و کۆمەلگەى نێو دەوڵەتى لەمە زیاتر رێگا بەهیچى تر نادات.

بەشێک لە وتارى :رامي الشاعر
وەرگێڕان : حلمى رەسول رەزا