رووسیا و کۆریای باکور لەڕێگای هێرشی ئەلیکترۆنییەوە شکست بە هەوڵەکانی درووستکردنی ڤاکسینی کۆڕۆنا دەهێنن

جیهان

16/11/2020‌ 2574 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رووسیا و کۆریای باکور لەڕێگای هێرشی ئەلیکترۆنییەوە دەیانەوێت شکست بە هەوڵەکانی درووستکردنی ڤاکسینی کۆڕۆنا بهێنن.

بەگوێرەی  راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسی، کە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ئاشکرای کردووە گرووپی حکوومی و نیمچە حکوومی رووسی و کۆریای باکوور هێرشی سیبریانیان کردۆتە سەر کۆمپانیاکانی دەرمانسازی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆڕۆنا.

لەوبارەیەوە تۆم بێرت جێگری سەرۆکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و بەرپرسی ئاسایشی کۆمپانیاکە بەبۆنەی کۆڕبەندی پاریس بۆ ئاشتیی کە حکوومەتی فەڕەنسا ڕێکیخستووە رایگەیاندوە، لەم مانگانەی دواییدا چەند هێرشێکی ئەلیکترۆنیمان ئاشکرا کردووە کە سەرچاوەکەی سێ گرووپی حکوومی و نیمچە حکوومی بووە بۆ بەئامانجگرتن و شکستهێنان  بە هەوڵەکانی حەوت کۆمپانیای پێشەنگی بواری دەرمانسازی بەشدار لە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی چارەسەری ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

کۆمپانیا ئەمەریکییەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە گرووپی " سترۆنتیۆم"ی رووسی و هەردوو گرووپی "زنک" و " سیریوم"ی کۆریای باکوور سەرچاوەی ئەو هێرشانە بوون.

مایکرۆسۆفت داوای لە سەرکردەی وڵاتانی جیهان کردووە ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتیی بگرن کە کەرتی تەندرووستیی لە هەموو جۆرە هێرشێک دەپارێزێت.

پێشتریش مایکرۆسۆفت گرووپی سترۆنیۆمی رووسی تۆمەتبار کردبوو بەوەی لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمساڵی ئەمەریکادا، ٢٠٠ هێرشی ئەلیکترۆنی ڕێکخراوی ئەنجامداوە، جگە لەوەی تۆمەتبارە بەوەی لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ی ئەمەریکا چەندین هێرشی ئەلیکترۆنی فراوانی ئەنجامداوە.

ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی