بۆچی هەڵوێستیان گۆڕا
دۆستەکانى بارزانى لە بەغدا فریای کورد نەکەوتن

ڕاپۆرت

17/11/2020‌ 5565 جار خوێندراوه‌ته‌وه


پەسەندکردنى پڕۆژە یاسای قەرز لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە کاردانەوەى جۆراو جۆری لێکەوتەوە، بەشێک بە هەڵوێستێکى چاوەڕوان کراوی دەزانن و بەشێکیش بە خەنجەر لێدان لە پێکەوە ژیان و هاوبەشى کوردو عەرەب پێناسەی دەکەن.

هەرچەندە تەواوى یاسایەکە پرسێکى ئابورییە، بەڵام لەپشت یاساکەوە رەهەندى سیاسى ئاڕاستەى پەسندکردنی یاساکەو رووداوەکانى ناو پەرلەمانى عێراقی کرد، بۆیە زۆربەى خوێندنەوەو شیکردنەوەکان بۆ یاساکە سیاسین نەک ئابوری.

لایەنە شیعەکانی عێراق و پەرلەمانتارەکانیان بەتایبەت ئەوانەى پێگەی گەورەیان لەشارەکانى بەسرەو نەجەف و کەربەلاو بەغدا هەیە بە ئاشکرا ئەوەیان راگەیاندوە ئەگەر ئەو یاسایە پەسەند نەکەن ئەوا ماڵی یەک بەیەکیان لەلایەن خۆپیشاندەران و لایەنگرەکانیانەوە دەسوتێنرێت، بۆیە ئامادە نیین بچنە ژێر بارى خواستەکانى هەرێمى کوردستانەوە.

ترس لە شەقام وایکرد کە پەرلەمانتارە شیعەکان گوێ بە دواکارى پەرلەمانتارانى کورد نەدەن و یاساکە پەسند بکەن، تەنانەت بەشێک لە پەرلەمانتارە شیعەکان هێندەى نەمابوو پەلامارى پەرلەمانتارانى کورد بدەن.

چەند پەرلەمانتارێکى شیعە لە میدیاکانى عێراقەوەو لەکۆبوونەوەى پەرلەمانیش ئەوەیان راگەیاند، ئامادە نین چیتر لەسەر هەرێمى کوردستان قوتى ١٥ پارێزگا ببڕن و شەقامی خۆپیشاندەران لەخۆیان توڕە بکەن، ئەمە تەنیا بەسە بۆسەلماندنى ئەو راستییەی کە ئەوان دواى شەقامی خۆیان کەوتوون لەپێناو رازیکردنى دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو.

لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا ترس لە شەقام وای نەکردوە کە گوێ بۆ نوێنەرانى کورد نەگرن، بەڵام رادەست نەکردنى نەوت و یاریکردن بەکات و رێکەوتنەکانەوە لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە بڕستى لە لایەنە شیعەکان و سەرۆک وەزیرە یەک لەدوایی یەکەکانی عێراق بڕیوە کە چیتر ئامادە نین لەبەر خاترى هەرێم شەقامى عێراق لەخۆیان توڕە بکەن.

دیوەکەى ترى ئەو کاردانەوانە نیگەرانی و توڕەبوونی پەرلەمانتارەکانی عێراقە  لەوەى کە حکومەتی هەرێم لە دوو ساڵی رابردوودا هیچ لەبەڵینەکانی لەسەر رادەستکردنى نەوت و داهاتەکانى دیکە نەبردووەتە سەرو خۆی لە رێکەوتنەکان دزیوەتەوە.

ئەوانەى لەناو پەرلەماندا زۆر بە جدی و توندى پێداگیریان لەسەر پەسندکردنى یاساکەو گوێنەگرتن بۆ نوێنەرانى کورد دەکرد ئەوانە بوون کە دەوترێت دۆستی وکرد وبەتایبەت پارتی وبارزانین، کە ئەوانیش هادی عامری و محەمەد حەلبوسى و ئوسامە نوجێفی بوون.

سەرەتا پەرلەمانتارەکانى هادى عامری زۆر بە توندى وڵامى پەرلەمانتارانى کوردیان دەدایەوەو چەندین گوزارشتى رەق و زبریان بەرامبەر هەرێم لە دانیشتەکەى پەرلەماندا بەکارهێناوەو هەر ئەوانیش دەستیان بۆ پەسندکردنى یاساکە بەرزکردەوە.

لەئێستادا لەناو شەقامى شیعە هادی عامری پێگەى لەسەرجەم لایەنە شیعەکانى دیکە لاوازترو خراپترە، بۆیە هەوڵیدا لەم رێگەیەوە بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو پێگەى خۆی بەهێزتر بکات و دڵی خۆپیشاندەرە شیعەکان بەدەست بهێنێتەوە.

بەپێی هەندێ زانیاری کە دەست شارپرێس کەوتووە لە شەوی کۆبوونەوەکەى پەرلەمان نوێنەرانى پارتى لەبەغدا بەناوى بارزانییەوە پەیوەندیان بە هادی عامرییەوە کردوە کە دەنگ تێپەڕاندنى یاساکە نەدەن، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بووە.

هەندێک لە چاودێران و پەرلەمانتاران ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک ڕوداو و لێدوانی تریش بونەتە هۆی توڕەبونی هێزەکانی شیعە کە دیارترینیان قسەکردنی هۆشیار زیباری بوو لەسەر حەشدی شەعبی و بارزانیش لە کتێبیدا بە ناوی بۆ مێژو کە پێداگری دەکات بە ڕەوایەتی ڕیفراندۆم و ناوی بەجۆرێک باسی سەرکردە شیعەکان دەکات کە خاوەنی بەلێن نەبوون و ئەمەش نیگەرانیی زۆری ئەوانی بەدەایخۆیدا هێناوە
هەرچەندە چاودێران دەڵێن نەدەبوو هێزە شیعەکان ئەو بابەتانە تێکەڵ بە قوتی میلەتێک بکەن و دۆسیەکە بە سیاسی بکەن.

لەگەڵ ئەمانەشدا هەندێک لایەنى شیعە لەوە نیگەرانن کە پارتى لەرێگەى کەسانى ترەوە پەیام دەنیرن بۆیان و بەرپرسەکانى باڵاکانى حکومەتى هەرێم خۆیان راستەوخۆ پەیوەندى ناکەن ئەمەش وەک لوتبەرزى لیکدانەوەى بۆ کراوە، ئەمەش راستەوخۆ بە نوێنەرى پارتى و نوێنەرانى دیکەى کورد لە بەغدا وتراوە.

محەمەد حەلبوسى لەوکاتەوەى پۆستى سەرۆکایەتی پەرلەمانى وەرگرتووە وەک دۆستێکى کورد و پارتی و بەتایبەت بارزانى خۆی وێنا دەکات و چەندین سەردانى بۆ لای بارزانى ئەنجامداوە، ماوەیەک بە پشتیوانى و پێداگیرى بارزانى لەو پۆستە مایەوە، بەڵام لەماوەى رابردوودا چەند جوڵەیەکى بارزانى بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانى لادانى حەلبوسى ناوبراویان نیگەران کرد.

ئەم پشتتێکردنەى بارزانى وایکرد کە لەکۆبوونەوەى رۆژى پێنج شەممە محەمەد حەلبوسى دۆستە نزیکەکەى کورد، پشتیوانى لەلایەنە شیعەکان بکات و سونەکانیش بە دەنگدان بە یاساکە ئاڕاستە بکات.

نەک هەر ئەوەش حەلبوسی زۆر بە توندی لەبەرامبەر پەرلەمانتارە کوردەکان دەدواو رێگەی دەدا پەرلەمانتارانی عەرەب سوکایەتی بەکورد و بە نوێنەرەکانیشی بکەن..


بەپەلە