شارپرێس:
جەیمس جێفری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا ماوەیەک لەمەوبەر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لەپۆستەکەی ڕاگەیاند، دانی بەوەدا نا کە تیمەکەی بەئەنقەست ژمارەی ڕاستەقینەی سەربازەکانی ئهمریكایان لەسوریا لەدۆناڵد ترهمپی سەرۆکی ئهمریكاو فەرماندە باڵاکانی وڵاتەکەیان شاردوەتهوه.
جێفری چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی "دیفێنس وان"ی ئهمریكی ڕایگەیاند، لەبارەی ژمارەی ڕاستەقینەی سەربازە ئهمریكا لەڕۆژئاوای کوردستان چەواشەکاریان لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئهمریكاوە کردوە.
لەچاوپێکەوتنەکەیدا کە ڕۆژی ١٢ نۆڤەمبەر بڵاوبۆوە نێردەی تایبەتی ئهمریكا بۆ کاروباری سوریا دەڵێت:"ئێمە بەردەوام خۆمان لەوتنی ژمارەی ڕاستەقینەی هێزە سەربازییەکانمان بەفەرماندە باڵاکان دەدزییەوە".
جەختیشیکردۆتەوە، ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە کە ڕاگەیهندراوە، یان لەو ژمارەیەی ترەمپ باسی لێکرد کە ڕەزامەندی لەسەر هێشتنەوەیانداوە کە دەبێت چەند سەد سەربازێک بێت.
لەوچوارچێوەیەدا ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا (سانا) بڵاویکردەوە، کاروانێکی هێزە سەربازییەکانی ئهمریكا کە بریتیبوە لە٥٠ ئۆتۆمبێلی سەربازیی، لەڕۆژئاوای کوردستانەوە بەرەو خاکی عێراق پاشەکشەیانکردوە، بەقسەی ڕۆژنامەی عەرەبی جەدید کاروانە سەربازییەکە ڕویان لەبنکەیەکی سەربازیی ئهمریكی لەهەرێمی کوردستان کردوە، بەڵام ڕون نەبوە کە ئەو جوڵەیە پاشەکشەی هێزە سەربازییەکانی ئهمریكایە یان کەمکردنەوە یاخود جێگۆڕکییەکی ئاسایی سەربازییەکانە لەڕۆژئاوای کوردستان.
لەبەرامبەر ئەو لێدوانەدا عقید واین مارۆتۆ وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لەلێدوانێکیدا بۆ پێگەی "نۆرس پرێس" ڕەتیکردەوە، هاوپەیمانێتییەکە هیچ نیازێکی پاشەکشەکردنی لەڕۆژئاوای کوردستان هەبێتو ڕونیکردەوە کە بونی هێزە سەربازییەکانی ئهمریكا لەسوریا بۆ زیاترکردنی سەقامگیری هەرێمییەو هیچ پلانێکیان نییە بەمزوانە ناوچەکە جێبهێڵن.
مارۆتۆ ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئێستادا نزیکەی ٩٠٠ سەربازی ئهمریكی لەسوریایە لەپاڵ کارکردنیان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ تێکشاکاندنی گروپى تیرۆریستی داعش، بەشێک لەهێزەکانیشیان لەناوچەی تەنەفە لەسەر سنوری عێراقو ئوردن.
وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بەداعش لەسوریا باسی لەوەشکردوە، لەگەڵ ئەوەی داعش لەسەر زەوی تێکشکێنراوە، بەڵام هێشتا سەرچاوەی مەترسین بۆ عێراقو سوریاو جیهان، بۆیە تا تێکشکاندنی یەکجارەکی ئەو گروپه تیرۆریستییە لەو وڵاتە دەمێننەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی