هەنگاوی یەکەمى ڕوخانی سیاسی‌و بنەماڵەیی ئەردۆغان ده‌ستى پێكرد

مەلەفی تایبەت

18/11/2020‌ 5592 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتێك ئاماژه‌كانى كه‌وتن‌و ڕوخانى بنه‌ماڵه‌ى ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ئاشكراده‌كات‌و جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى زاواكه‌ى ئه‌ردۆغان له‌پۆستى وه‌زاره‌تى دارایی توركیا سه‌ره‌تاى ئه‌و پێشبینیانه‌یه‌".

خانمە نوسەر لۆرا بیتاڵ لەڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی ڕاپۆرتێکی شیکاری لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی بیرات ئەلبیراقی زاوای ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لەپۆستی وەزارەتی گەنجینەو دارایی تورکیا بڵاوکردۆتەوەو ئەو هەنگاوەی بەیەکەم پریشکی ڕوخانی سیاسی‌و بنەماڵەیی ئەردۆغان لەتورکیا وەسفکردوە.

بیتاڵ لەشرۆڤەکەیدا باسی لەوەکردوە، تورکیا ئێستا درامای ڕوخانی خێزانی ئەردۆغان بەخۆوە دەبینێت کە بەدەستلەکارکێشانەوەی بیرات ئەلبیراق زاوای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەپۆستی وەزارەتی دارایی‌و گەنجینەی تورکیا دەستیپێکردوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، کێشە ئابورییەکانی تورکیاو دابەزینی نرخی بەهای لیرە کە ماوەی چەند مانگێکە دەستیپێکردوە، ئاماژەی نزیکبونەوەی ئەو گەردەلولە دەگەیەنێت کە هەڕەشە لەبنەماڵەی ئەردۆغان دەکات.

لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامە بەریتانییەکەدا هاتوە ((ئایندەی سیاسیی بیرات گەیشتۆتە ڕێگایەکی داخراوو چیتر ئەو هێزە بەدەستناهێنێتەوە کە پێشتر هەیبوە)).

بیتاڵ جەختیکردۆتەوە، ئەردۆغان لەمدواییە هەستی بەمەترسیداری دۆخی دارایی وڵاتەکەی کردوە بەتایبەتی زانینی حاڵی پەرێشانی یەدەگی بانکی ناوەندی تورکیا.

لەشرۆڤەکەی فاینانشاڵ تایمزدا جەخت لەوەکراوەتەوە، لەژێر سایەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنادا، بەرزبونەوەی خەرجییەکانی ژیان‌و گوزەران‌و هەڵکشانی ڕێژەی بێکاری بەخێرایی‌و هەرەسهێنانی نرخی لیرە بەرامبەر بەدراوە بیانییەکانی تر، گوشارێکی تر دەخاتەسەر ڕەجەب تەییب ئەردۆغان.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی