پارتى ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ كه‌ركوك

کوردستان

23/11/2020‌ 1053 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ كه‌ركوك مه‌رجى هه‌یه‌و به‌رپرسێكى باڵاى ئه‌و حزبه‌ش ده‌ڵێت:"گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا هەیەو چاوەڕێی دەکەین کە بڕیاری چۆڵکردنی بارەگاکانمان له‌کەرکوک دەربچێت".

دیاری حوسێن جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی (کەرکوک – گەرمیان)ی پارتی بۆ میدیاكانى حزبه‌كه‌ى قسه‌یكردوه‌و ئاماژه‌ى به‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كه‌ركوك كردوه‌و وتویه‌تى:"پارتی ئەوکاتە دەگەڕێتەوە کەرکوک ئەگەرهات‌و شارەکە لەداگیرکاری دەربچێت‌و بتوانین ئاڵای کوردستان بەرزبکه‌ینەوە".
 
به‌رپرسه‌كه‌ى پارتى ئاشكرایكردوه‌، "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک‌و ناوچەکانی دیکە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا هەیەو چاوەڕێدەکەین بڕیاری چۆڵکردنی بارەگاکانمان له‌کەرکوک دەربچێت‌و بگەڕێینەوە کەرکوک، بەڵام تائێستا بارەگاکانمان چۆڵنەکراون".
 
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه‌ گوایه‌ داوا له‌پارتى كراوه‌ باره‌گاكانیان له‌كه‌ركوك وه‌ربگرنه‌وه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ ڕه‌تیكردۆته‌وه‌و وتویه‌تى:"تائێستا ئاگادارنەکراوینه‌ته‌وه‌ لەوەی بارەگاکانمان وەربگرینەوە، چونكه‌ مەرجەکانی پارتی بۆ گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک جێبەجێنەکراون، ئێمە لەبەرئەوە کەرکوکمان جێهێشت کە داگیرکراوەو لە16ی ئۆکتۆبەرەوە ئەوە ڕونە کە داگیرکراوەو ئێمە داوای ئەو ئازادییە دەکەین کە پێشتر لەشارەکەدا هەبوە".