لەبارەی کەمکردنەوەی موچەو ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران ڕونكردنه‌وه‌ دەدرێت

عیراق

23/11/2020‌ 1094 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

له‌باره‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى موچه‌و ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران زانیارى ئاشكراده‌كرێت‌و په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت:"جارێ زوە باس لەو پرسه‌ بكرێت، به‌ڵام لەدانانی بودجەی گشتیی ساڵی داهاتودا ستراتیژێکی نوێ دەگیرێتەبەر".

ناجی سەعیدی ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بەپێگەی IQ NEWSی ڕاگەیاندوە، "تائێستا وەزارەتی دارایی هەڵوێستی خۆی لەبارەی خشتەی موچەی فەرمانبەران‌و بودجەی ساڵی داهاتوو ڕانەگەیاندوە، بۆیە جارێ زوه‌ قسە لەبارەی کەمکردنەوەی موچەو دەرماڵەی فەرمانبەران بکرێت".

به‌وته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، "ئەو ستراتیژییەتەی لەدانانی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ پەیڕەو دەکرێت لەساڵانی پێشودا پشتی پێنەبەستراوە، بەشێوەیەک زۆرینەی خەرجییەکان کەمدەکرێنەوەو داهاتەکان ڕێکدەخرێنەوە، به‌ڵام پێموانیه‌و به‌دوریده‌زانم موچەی فەرمانبەران کەمبکرێتەوە لەبەرئەوەی چالاکییەکی ئابوری گرنگە".

دوێنێ یەکشەممە جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بەڕۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمی ڕاگەیاندبوو، حكومه‌تی بەغدا لەپێناو پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كورتهێنانه‌ی له‌بودجه‌ی عێراق دروستده‌بێت، بەناچاری په‌نا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌بات.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی