پەیوەندی نێوان کۆرۆناو جگەرەکێشان ئاشکراده‌كرێت

تەندروستی

23/11/2020‌ 5540 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەر لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زاناکان سه‌رقاڵى دۆزینەوەی پەیوەندی بون لەنێوان جگەرەکێشان‌و توشبون بەڤایرۆسی کۆرۆنا، بەوپێیەی هەردوکیان لەڕێگای کۆئەندامی هەناسەوە دەچنە ناو جەستەی مرۆڤەوە.

بەمدواییەش زاناکانی زانکۆی کالیفۆڕنیا لەڕێگای لێکۆڵینەوەیەکەوە تێبینیان کردوە کە پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ لەنێوان جگەرەکێشان‌و توشبون بەنەخۆشییەکە هەیە، بەشێوەیەک بەرکەوتن بەدوکەڵی جگەرە، وادەکات خانەکانی ڕێرەوی هەوا زیاتر ئەگەری توشبون بەڤایرۆسی کۆرۆنای نوێیان هەبێت.

زاناکان خانەکانی ناوپۆشی ڕێرەوی هەوای پێنج کەسیان دەستکەوتوە کە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبون، دواتر لەڕێگای لولەکێشی تاقیکردنەوە ئەو خانانەیان خستۆتە بەر دوکەڵی جگەرە، لەپاشاندا ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ هەموو خانەکان ڕەوانە کردوە.

لەئەنجامدا دەرکەوتوە ئەو خانانەی بەر دوکەڵی جگەرە کەوتون بەراورد بەو خانانەی دوکەڵی جگەرەیان بەرنەکەوتوە، دوو بۆ سێ ئەوەندە زیاتر مەترسی توشبون بەکۆرۆنایان لەسەر بوە، هەروەک چۆن دەرکەوتوە خانەکانی ڕێرەوی هەوا کاتێک بەر دوکەڵی جگەرە دەکەون، کەمتر وەڵامدانەوەی بەرگریان بەرامبەر بەڤایرۆسەکە بۆ دروستدەبێت.

لای خۆیەوە بریجیت گۆمبێرت بەشدار لەلێکۆڵینەوەکە بەئاژانسی ڕۆیتەرزی وتوە:"ئەگەر ڕێرەوەکانی هەوا وەک دیوارێکی بەرز وابێت کە قەڵاکە بپارێزێت، ئەوە جگەرەکێشان وەک دروستبونی درزە لەو دیوارەدا".

هەروەک دەڵێت:"جگەرەکێشان بەرگرییە سروشتییەکان کەمدەکاتەوەو هەر ئەمەشە وادەکات ڤایرۆسەکە بچێتە ناو جەستەوەو دەست بەسەر خانەکاندا بگرێت".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی