شارپرێس:
ڕۆژنامەکە لەڕاپۆرتێکدا بەوردی باسی ئەوە دەکات کە ئێران لەڕێگای هۆڕەکانی باشوری عێراقو دەروازە سنورییەکانی هەرێمهوه بۆتە خاڵی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان بۆ عێراق.
ڕۆژنامەی مۆنیتۆری ئهمریكی لەڕاپۆرتێکدا باسی لەزۆری ڕێژەی بڵاوبونەوەی مادە هۆشبەرەکان لەعێراقو کاریگەریی وڵاتانی ناوچەکە لەسەر بڵاوبونەوەی لەعێراقو هەرێمی کوردستان کردوە.
ڕۆژنامەکە بەپشتبەستن بەقسەی بەرپرسانی عێراق بڵاویكردۆتهوه، "هێشتا سنورەکانی عێراقو هەرێم بەڕوی ئەوکەسانەدا کراوەن کە قاچاخچێتی بەمادە هۆشبەرەکانەوە دەکەن، لەکاتێکدا هیچ تەکنەلۆژیایەکی هاوچەرخ لەبەردەستی هێزە ئەمنییەکاندا نییە چاودێری سنورەکانی پێبکەنو ڕێگری لەهاتنەناوەوەی بکەن یان لەهەندێک حاڵەتدا چاوپۆشی لەو قاچاخچێتییە دەکەن".
لەدرێژەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئەمریکیەکەدا ئەوەش هاتوە کە بەشێک لەگروپە چەکدارییەکان دەستیان بەسەر بەشێک لەناوچە سنورییەکاندا گرتوەو بەرامبەر بەوەرگرتنی بڕە پارەیەکی گەورە لەقاچاخچییەکان، ئاسانکاری بۆ هاتنی مادە هۆشبەرەکان بۆ ناو عێراق دەکەن.
مۆنیتۆر لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێستا چیتر عێراق ئەو وڵاتە نییە کە خاڵی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان بوو، بەڵکو بۆتە بازاڕێکی سەرەکیی ساغکردنەوەی لەناوخۆدا، بەشێوەیەک ژمارەی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان لەنێو گەنجانی وڵاتدا ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لەزیادبونەو ئەوهش بوەتە مەترسیەکی گەورە لەسەر داهاتوی هەرێمو عێراق بەگشتی".
ڕۆژنامەکە هۆکاری زیادبونی ژمارەی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان بۆ ئەوە گهڕاندۆتهوه، حکومەتی عێراق هیچ ڕێکارێکی ئەووتۆی لەسنورەکانی لەگەڵ ئێران نەگرتۆتەبەر کە ڕێگری لەهاتنی ئەو مادە مەترسییدارە بکات، ئەوە جگە لەئاسانکارییکردن لەدۆسیەی مادە هۆشبەرەکانو بونی گەندەڵی لەناو دەزگا ئەمنیەکان کە ڕێگەی بۆ بەشێک لەبازرگانانی مادە هۆشبەرەکان خۆشکردوە لەدەستی یاسا قوتارییان ببێت.
مۆنیتۆر ئەوەشی باسکردوە کە سروشتی خێڵگەرایی کۆمەڵگەی عێراقیی یەکێکە لەڕێگرەکانی چارەسەرکردنی پرسی مادە هۆشبەرەکان، لەبەرئەوەی هەرکەسێک هەوڵی دەستگیرکردنو تەنگهەڵچنین بەباندەکانی مادە هۆشبەرەکان بدات لەلایەن هۆزو گروپە سیاسییەکانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرێت، لەبەرئەوەی لەلایەن باندە مافیاییەکانەوە بڕە پارەیەکی گەورەیان دەستدەکەوێت قازانجی ئەوان لەوەدایە ئەو بازرگانییە هەر لەبرەودابێت.