شارپرێس:
کۆمپانیای شاومی کاتژمێری زیرەکیی Mibro Air نوێی ڕاگەیاند کە ڕواڵەتێکی وەرزشیانەی هەیەو چەندین ئەرکیشی پێ جێبەجێدەکرێتو خاوەنی چەندین تایبەتمەندییە.
کۆمپانیا چینییەکە ڕایگەیاندوە، کاتژمێرە نوێکەی بازنەییەو کێشی ٤٠ گرامە، ئەستورییەکەشی ٩،٢ ملیمەو چێوەکەشی ٤٢ ملیمە، شاشەیەکی TFT قەبارە ١،٢٨ ئینچی هەیەو کوالێتی ڕونییەکەی دەگاتە 240 × 240 پێکسڵ.
کاتژمێرەکە سێنسەری دیاریکردنی تێکڕای لێدانی دڵی تێدایە، ئەمەش وای لێدەکات، بۆ نمونە، چالاکی وەرزشی تۆماربکات، هەروەها دەتوانێت شیکاری خەویش بکات.
پاتری کاتژمێرەکە هێزێکی 200 mAh هەیە کە دەتوانێت تا 25 ڕۆژ بەردەوامبێت، جگەلەوەی لەگەڵ سیستەمی پاراستنی IP68 دەگونجێت، واتە بەرگە کانزاییەکەی بەباشی بەرکەوتن دەگرێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی