به‌غدا سێ ملیار دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت

کوردستان

24/11/2020‌ 2710 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر رایگەیاند، بەغدا بەشێکی دیکە لە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت و بەڵێنیشیداوە ئەمساڵ هەموو پارەکە بە جووتیاران بدات.
 
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی و بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بەوەکالەت به‌میدیای پارتی راگەیاند، ئەم هەفتەیە بەغدا بەشێکی دیکە لە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەڵام تەنیا نزیکەی 3 ملیار دینار دەنێرێت، بەمەش سەرجەم ئەو بڕە پارەیەی کە ناردوویەتی دەکاتە نزیکەی 20٪ی پارەی جووتیاران.
 
هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوەشکرد، بڕە پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەبێت بە پێنج قۆناخ بگات، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا دوو قۆناخی هاتووە و ئەو سێ ملیار دینارە بگات، دەکاتە قۆناخی سێیەم و بەغدا بەڵێنیداوە لە ساڵی 2020دا هەموو پارەکە بنێرێت.
 
پارەی گەنم بەگوێرەی کاتی رادەستکردنی گەنمەکە بە سایلۆکان دەدرێت. هەر جووتیارێک زووتر گەنمی رادەستی سایلۆ کردبێت زووتر پارەکە وەردەگرێت. هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش پێکەوە دەست بە دابەشکردنی پارەی جووتیاران دەکەن.
 
لە پارێزگاکانی عێراق لە 20ی نیسانەوە گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە 10ی حوزەیران لە هەولێر و 14ی حوزەیران لە دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە لە سایلۆکاندا دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرا.