شارپرێس:
دادگای بەلجیکا پرۆسەی دادگاییکردنی ئەفسەرێکی پۆلیسی ئەو وڵاتەی دەستپێکرد کە تۆمەتبارە بەکوشتنی کچێکی تەمەن دوو ساڵانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە ساڵی 2018 لەناو پاسێکدا لەبرۆکسل کوژرا.
مانگی ئایاری 2018، پاسێک بەڕێگاوە بوو بەرەو کەناراوهكانى بەلجیکا، مەودا سەوریو دایکو باوکیو برایەکی لەگەڵ نزیکەى 25 کۆچبەری تر لەناو پاسەکەدا بون، دەیانویست بەرەو بەریتانیا بچن، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە تەقەیان لێکراو مەودا کە تەنها تەمەنی دوساڵ بوو بەوهۆیەوە کوژرا.
بهگوێرهى هەواڵی ئاژانسی فرانس پرێس، دادگاییکردنەکە دوێنێ دوشەممە (23ی تشرینی دوەمی 2020) لەبەلجیکا دەستیپێکرد، جگە لەئەفسەرەکە، دوو کۆچبەری ترى کورد کە یەکێکیان شۆفێری ئەو پاسە بوو مەودای تێدا کوژرا بەتۆمەتی ڕێبەریکردنو قاچاخچێتی دادگایی كران.
دادگا ناوی ئەفسەرەکەی ئاشکرانەکرد، بەڵام ئەوە زانراوە کە تەمەنی 48 ساڵەو خاوەنی سێ منداڵە، هەشت ساڵ ئەزمونی لەکەرتی پۆلیسیدا هەیە.
ئەو ئەفسەرە وتویەتی، نیازی هەبوە تەقە لەتایەی پاسەکە بکات بۆ ئەوەى بوەستێت، بەڵام بەهۆی ئەوەى زۆر خێرابوو، گولەکە پەڕیوەو داوێتی لەمەودای دوو ساڵان، هەرچەندە هەوڵدراوە مەودا بگەیەنرێتە نەخۆشخانە، بەڵام لەناو ئەمبوڵانسەکەدا گیانى لهدهستداوه.
لەتویتەر کەمپەینێک بەناوی #دادپەروەری_بۆ_مەودا لەلایەن چەندین چالاکی داکۆکیکردن بەمافی کۆچبەرانو پەنابەران ڕاگەیەنراو داوای وەرگرتنی مافی مەودا دەکەنو چەندین ڤیدیۆو وێنەیان بڵاوکردوەتەوەو دەڵێن:"سیاسەتی کۆچی بەلجیکا خەڵکی دەکوژێت".
بەپێی گێڕانەوەکان، مەودا لەگەڵ دایکو باوکی لەدوای شۆفێرەکەوە سواربون، فیشەکەکە بەر سەری مەودا کەوتوهو دواتر لەناو ئەمبوڵانسدا لەڕێگادا بۆ نەخۆشخانە گیانى لهدهستداوه، لەکۆتاییدا شۆفێری پاسەکە توانیویەتی خۆی بگەیەنێتە بەریتانیا، بەڵام نیسانی ساڵی 2019 بەریتانیا ڕادەستی بەلجیکای کردەوەو لەئێستادا بەتۆمەتی بەقاچاخبردنی کۆچبەران دادگایی دەکرێت.
وێنهى دایكو باوكو براكهى مهوداى كۆچكردوو