نهێنى سه‌ردانى وه‌فده‌ باڵاكه‌ى یه‌كێتى بۆ به‌غدا ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

25/11/2020‌ 4385 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانتارێكى عێراق نهێنى سه‌ردانى ئه‌مدواییه‌ى وه‌فدى یه‌كێتى به‌سه‌رۆكایه‌تى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى بۆ به‌غدا ئاشكراده‌كات‌و ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، "ئەو جوڵانەی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، لەسلێمانییەوەیە نەك لەهەولێر".

عالیە نوسەیف پەڕلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لەئەنجومەنی نوێنەران لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "پۆنا نیوز" سەرەڕای جەختکردنەوەی لەسەرئەوەی پەڕلەمان پێداگرە كه‌ بڕگەی تایبەت بەهەرێمی کوردستان لەناو یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی جێبەجێبکرێت، لەهەمانکاتدا ئاماژەی بەسەردانەکەی ئەمدواییەی وه‌فدى یەکێتیی بۆ بەغدا کردوە.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت:"وه‌فده‌ باڵاكه‌ى یه‌كێتیی ئامادەییان دەربڕیوە سلێمانی بەشێوەیەکی جیا لەهەولێر لەسەر چارەسەرکردنی پرسی نەوت‌و داهاتەکانی تر لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت".

نوسەیف جه‌ختیكردۆته‌وه‌، "ئەو جوڵانەی له‌به‌غداوه‌ بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە لەسلێمانییەوەیە نەک لەهەولێر، بەتایبەت دوای سەردانی شاندی یەکێتیی بەسەرۆکایەتی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی بۆ بەغدا".

سه‌ربارى ئه‌وه‌ى له‌میدیاى یه‌كێتیی هیچ زانیاریه‌كى له‌و شێوه‌یه‌ بڵاونه‌بۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ عه‌ره‌به‌ وتویه‌تى:"وه‌فدى یه‌كێتیی ڕایانگه‌یاندوه‌، ئامادەن لەڕوی داراییەوە خۆیان لەهەولێر جیابکەنەوە، بەشێوەیەک بەرامبەر بەڕەوانەکردنی شایستە داراییەکانی سلێمانی، یەکێتیی ئامادەیە نەوت‌و داهاتە نانەوتییەکانی ناوچەكه‌ى خۆى ڕادەستی بەغدا بکات".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ جه‌ختى له‌وه‌شكردۆته‌وه‌، "پەرلەمان سورە لەسەر جێبه‌جێكردنى بڕگەی تایبەت بەهەرێمی کوردستان لەناو یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی، بەشێوەیەک بۆ ڕەوانەکردنی شایستە داراییەکان دەبێت هەرێمی کوردستان نەوت‌و داهاتی دەروازە سنورییەکان ڕادەستی بەغدا بکاتەوە، بەتایبەتی دوای لێدوانی سەرۆکی بانکی ناوەندی بەوەی هیچ کام لەداهاتە نەوتی‌و نا نەوتییەکانی هەرێم لەبانکە عێراقییەکان دانانرێت‌و بانکی ناوەندیش هیچ چاودێرییەکەی بەسەر بانکەکانی هەرێمدا نییە، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی پرۆسەی بەقاچاخبردن لەبانکەکانی هەرێمدا هەیە". 

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی