خه‌رجیه‌كانى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌راورد به‌15ساڵ پێش ئێستا له‌400% زیادیكردوه‌

عیراق

25/11/2020‌ 295 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامه‌یه‌كى به‌ناوبانگى ئه‌مریكى ڕاپۆرتێكى له‌سه‌ر ئاماژه‌كانى دۆخى ئابورى عێراق بڵاوكردۆته‌وه‌و جه‌ختیكردۆته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، ئاماژەکانی دۆخی دارایی عێراق بۆ مانگەکانی داهاتوو ئەرێنی نین، ئاشكراشیكردوه‌، "خەرجییەکانی حکومەت بۆ موچەی فەرمانبەران بەراورد بە١٥ ساڵ پێش ئێستا، لە400% زیادیکردوە".

ڕۆژنامەی "مۆنیتۆر"ی ئه‌مریكی لەڕاپۆرتێکدا لەبارەی دۆخی دارایی عێراق ئاشکرایکردوە لەژێر سایەی ئەو کێشە ڕاستەقینانەی ڕوبەڕوی ئابوری عێراق دەبێتەوەو پاڵی بەحکومەتەوە ناوە ڕوو له‌قەرز بکات، هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنی نییە دۆخی دارایی ئەو وڵاتە لەماوەی مانگەکانی داهاتودا بەرەو باشتر بچێت.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، نزیکەی لە 11%ى دانیشتوانی عێراق مانگانە موچە لەحکومەت وەردەگرن کە پێویستیان بەپێنج ملیار دۆلار هەیە، ئەوەش قەبارەیەکی گەورەیه‌ بەتایبەت بۆ دەوڵەتێک کە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنەرنین.

مۆنیتۆر نوسیویه‌تى:"سیاسەتی دامەزراندنی خەڵک کە پارتە سیاسییەکان لەپێش هەڵبژاردنەکان پەیڕەویان لێکردوە بێئەوەی هیچ پلان یان بەرنامەیەکی ڕونی لەپشتبێت، ڕۆڵێکی نەرێنی لەسەر ئابوری وڵات هەبوە، بەشێوەیەک خەرجییەکانی حکومەت بۆ موچەی فەرمانبەران بەراورد بە١٥ ساڵ پێش ئێستا لە 400% زیادیکردوە".

وه‌كو ڕۆژنامه‌كه‌ باسیكردوه‌، "ئەوەش مانای وایە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وه‌ بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکانیان خەڵکیان دامەزراندوە، لەکاتێکدا شکستیانهێناوە لەبەهێزکردنی کەرتی تایبەت‌و کردنەوەی دەرفەت لەبەردەم وەبەرهێنان‌و ڕاکێشانی سەرمایە بۆ وڵاته‌كه‌یان".

له‌به‌شێكى ترى ڕاپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تى کازمی كراوه‌و ده‌ڵێت:"ترسی ئەوەی هەیە پێش بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان شەپۆلێکی تری ناڕەزایی خەڵک سەرهەڵبداتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەتی ئەوەی هەیە بێ پەنابردن بۆ قەرزکردنی نوێ موچەی فەرمانبەران دەستەبەربکات، ئەویش لەڕێگای توندکردنی چاودێری لەسەر داهاتی گومرگ‌و باج‌و خەراجەکان‌و وەرگرتنەوەی قەرزی کۆمپانیاکانی مۆبایل".

لەکۆتاییدا مۆنیتۆر دەڵێت:"یاسای قەرزکردن دوو قەیرانی ڕوبەڕوی عێراق کردۆتەوە، یەکەمیان: قەیرانی ئابوری‌و لێکەوتەکانی لەسەر نەوەکانی داهاتوو، دوەمیش، قەیرانێکی سیاسیی کە ئەگەری هەیە لەسەر ڕادەستکردنی نەوت‌و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا‌و هەرێم قوڵتربکاتەوە".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی