شارپرێس نوێترین زانیارى لەسەر ناردنى ٣٢٠ ملیار دینارەکەى هەرێم ئاشکرا دەکات

کوردستان

26/11/2020‌ 5076 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتى هەرێم بۆ دابەشکردنى مووچە چاوەڕوانى رەوانەکردنى ٣٢٠ ملیارەکە دەکات لەلایەن حکومەتى عێراقەوە، بەڵام بەغدا ناردنەکەى دوا دەخات.

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە بەغدا لەبارەى رەوانەکردنى ٣٢٠ ملیار دینارەکەى هەرێم ئاشکرای کرد، سەرۆک وەزیران تائێستا واژوى لەسەر رەوانەکردنى ٣٢٠ ملیارەکەى هەرێم نەکردوە، چونکە ئەمە پەیوەستە بە حساباتى مووچەى فەرمانبەرانى عێراقەوە.

بەوتەى سەرچاوەکە تا حکومەتى عێراق مووچەى مانگى ١١ی فەرمانبەرانى خۆی دابەش نەکات ٣٢٠ ملیار دینارەکە رەوانە ناکات هۆکارەکەش ئەوەیە ئەگەر ئەو پارەیە رەوانە بکرێت حساباتی مووچەى فەرمانبەران کورت دەهێنێت.

بەوتەى سەرچاوەکەى شارپرێس سەرۆک وەزیران و وەزیرى دارایی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لە گفتوگۆی ئەوەدان کە چۆن ئەو پارەیەى هەرێم تەکمیلە بکەن و رەوانەى بکەن.

لەلایەکى دیکەوە بەشیر حەداد، لە کۆنگرەیەكی  رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونەتەوە و "کازمی دانینا بەوەی ئەو پارەیەی رەوانەی هەرێم دەکرێت کەمترە لەحەقی خۆی، بۆیە لەئێستادا لەگەڵ لایەنەکان لەگفتوگۆداین بەمەبەستی دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی بۆ ئەوەی بەزوترین بەشەبودجەی هەرێم رەوانەبکەین".

باسی لەوەشكرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق باوەڕی وابو ئەو برگەیەی یاسای قەرز کەپەیوەستە بە هەرێمی کوردستانەوە ئاستەنگی بۆ رەوانەکردنی بەشەبودجەی هەرێم دروستکردوە و دەبێت بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکادا کێشەکە چارەسەربکرێت.

ئەوەشیخستەڕوو هەرچەندە کازمی کاتی رەوانەکردنی موچەی دیارینەکرد و باسی لەپێویستی زو رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد کرد، بەڵام بەڵێنیدا کە ناهێڵن فەرمانبەرانی کوردستان بەبێ موچە بمێننەوە.

س.هـ