چین بۆ کاراکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ عێراق مەرجی هەیە

عیراق

27/11/2020‌ 1583 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی راگەیەنراوێکى کوتلەیەکی پەڕلەمانی عێراق، حکوومەتی چین بۆ کاراکردنی ئەو ڕێککەوتنە ئابوورییەی لەمانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو لەگەڵ عێراق واژۆی کردووە، مەرجێکی دارایی داناوە.

کوتلەی سادیقوون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند" لەکاتی کۆبوونەوەی چەند پەڕلەمانتارێکی کوتلەکەیان لەگەڵ باڵیۆزی چین لە عێراق کە لەڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچووە، تێیدا باسیان لە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ڕیککەوتنی چین و عێراق و چۆنێتی کاراکردنی لەگەڵ لایەنە حکوومییە پەیوەندیدارەکان کردووە".

لای خۆیەوە باڵیۆزی چین لە عێراق ئاشکرای کردووە کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکەوێتە سەر ئەوەی عێراق وەک هەنگاوی یەکەم بڕی سەد ملیۆن دۆلار بخاتە سەر سندووقی تایبەت بەو ڕێککەوتنە، بەڵام هێشتا حکوومەتی عێراق هێشتا ئەو هەنگاوەی نەناوە.

باڵیۆزی چین جگە لە جەختکردنەوەی لەسەر سووربوونی وڵاتەکەی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، لەهەمان کاتیشدا ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆئەوەی کۆمپانیا گەورەکانی چین پرۆژەی گەورە و ستراتیژی لەعێراق جێبەجێ بکەن، وەک بەندەری فاو و کەناڵی ئاوی و پرۆژەی درووستکردنی هەزار قوتابخانە و چەدنین پرۆژەی تر لەبوارەکانی ڕێگەباون و نەخۆشخانە و فڕۆکەخانە و ژیرخانی ئابووری.

ڕێککەوتننامەی ئابووری نێوان عێراق و چین لەمانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٩ لەسەردەمی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی واژۆکرا، کەبەپێی ئەوە چین پرۆژەی ستراتیژی لەبوارەکانی ژیرخانی ئابووری لە عێراق جێبەجێ دەکات، کەلەبەرانبەر ئەوە دەبێت عێراق نەوتی خاو بداتە بەو وڵاتە.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی