ئێران ڕێکەوتنێکی 25 ساڵی لەگەڵ چین واژۆدەکات

جیهان

28/11/2020‌ 757 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌ندامێكى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى ئێران ئاشكرایده‌كات، وه‌كو په‌رله‌مان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ڕێكه‌وتنى 25 ساڵه‌ى نێوان وڵاته‌كه‌یان له‌گه‌ڵ چین ده‌كه‌ن.

ئەحمەد ئەمیرابادی فراهانی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەڕلەمانی ئێران ئاشكرایكردوه‌، پەڕلەمانتارانی ئەو وڵاتە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ڕێککەوتنە ٢٥ ساڵییە دەکەن کە لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران‌و چین واژۆکراوە.

لێدوانی ئەو بەرپرسەی پەڕلەمانی ئێران لەکاتێکدایە کە هێشتا حکومەتی ئەو وڵاتە هیچ پڕۆژەیاسایەکی سەبارەت بەڕێککەوتن لەگەڵ چین ڕەوانەی پەرلەمان نەکردوە.

لەمانگی ئازارى ساڵی ڕابردوو، عەلی لاریجانی سەرۆکی پەڕلەمانی ئەوکاتی ئێران، سەردانی چینی کردو ڕایگەیاند، "لەگەڵ سەرۆکی چین باسیان لەڕێککەوتنێكى ٢٥ ساڵەی نێوانیان كردوه‌ تایبەت بەهەماهەنگی هەمەلایەنەی نێوان هەردولا".

بەپێی کەناڵی ئێران ئینتەرناشیۆناڵ، بەڵگەنامەی "بەرنامەی هەماهەنگی هەمەلایەنەی ئێران‌و چین بۆماوەی ٢٥ ساڵ"، بەشێوەیەک دەبێت بەرامبەر بەکڕینی نەوتی خاوی ئێرانە لەلایەن چینەوە، کۆمپانیا چینییەکان لەهەموو کەرتەکانی پیشەسازیی‌و ئابوریی‌و تەندروستیی‌و پەیوەندییەکان‌و کشتوکاڵ‌و ئاسایشی‌و سەربازیی‌و پارەدارکردن‌و بازرگانی‌و نەوت‌و وزە بەشداریی‌و وەبەرهێنان لەو وڵاتەدا بکەن.

بڵاوکردنەوەی بەندەکانی ڕێککەوتنی نێوان ئێران‌و چین لەم چەند مانگەی ڕابردودا ناڕەزاییەکی گەورەی لەناوخۆی ئێران لێکەوتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئێران ئەو ڕاپۆرتانەیان ڕەتکردەوە کە لەوبارەیەوە بڵاوکرانەوەو ڕایگەیاند، "هێشتا بەندەکانی ڕێککەوتنەکە تەواونەکراوە".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی