شارپرێس:
بڵاوبونەوەی وێنەیەکی سێڵفی کە سێ کەس لەکاتی ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لەدیگۆ مارادۆنا لەگەڵ ئەو ئەستێرە جیهانییەی تۆپی پێ گرتویانه، بۆتە هۆی توڕەبونى خێزانەکەیی بۆئەوەش دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەستوەردانیان کردوە.
لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەکی بەکۆمەڵی سێ کەس بڵاوبۆتەوە کە لەپاڵ دارەمەیتی سەرئاواڵای مارادۆنا گرتویانەو بەڕونیش زەردەخەنەیان كردوهو یەکێکیان پەنجە گەورەی بەرزکردۆتەوە.
ئهو وێنهیهى ئهرجهنتینیهكانو خێزانهكهى مارادۆناى توڕهكردوه
بەگوێرەی تۆڕی "بی بی سی" وێنەکە لەکۆشکی سەرۆکایەتی ئەرجەنتین گیراوە کە تێیدا ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لەمارادۆنا بەڕێوەدەچێت.
لای خۆیەوە بریکارو پارێزەری مارادۆنا ماتیاس مۆرلا بەڵێنیداوە ڕێکاری یاسایی دژ بەوکەسانە بگرێتەبەر کە لەوێنەکەدا دەرکەوتون.
هەروەک ماتیاس بیکۆنی بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەرپرس لەڕێورەسمی ناشتنی مارادۆنا بەدەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی ئەو وڵاتەی وتوە:"ئەو سێ کەسەی لەوێنەکەدا دەرکەوتون فەرمانبەری دەرەوەنو یارمەتی هەڵگرتنی دارەمەیتەکەیانداوە".
بیکۆن دەڵێت:"پەیوەندی بەکلۆدیا فیلاڤینی هاوسەری پێشوی مارادۆناوە کردوە تاوەکو بابەتی وێنەکەی بۆ ڕون بکاتەوە، چونكه هاوسەرە کۆنەکەی زۆر لەو بابەتە توڕەیه".
سەرچاوە دادوەرییەکان دەڵێن:"هێشتا هیچ سکاڵایەکی تایبەت بەوێنەکەیان پێنەگەیشتوە، لەبەرئەوە لەلایەن داواکاری گشتییەوە هیچ دۆسیەیەک بۆ ئەو بابەتە ناکرێتەوە".
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی