چین تراکتۆری ئۆتۆماتیکی درووستدەکات

هەمەڕەنگ

29/11/2020‌ 887 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ئاژانسی شینخوای چینی، پەیمانگای نیشتیمانی چین بۆ داهێنانی ئامێرە کشتووکاڵییەکان، نموونەی سەرەتایی تراکتۆرێکی کارەبایی ئۆتۆماتیکیان بەرهەمهێناوە.

بەگوێرەی ئاژانسە چینییەکە، تراکتۆرە نوێکە کە ناوی " ET 1004-W"ی لێنراوە، هێزی ١٠٠ ئەسپی هەیە و لە تراکتۆرە ٣،٥ مەترییەکان ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکردووە، کە بەگشتیی ئەو هێزە هی تراکتۆرە ٥ مەترییەکانە.

باس لەوەشکراوە کە جگە لە پەیمانگای نیشتیمانی بۆ داهێنانی ئامێرە کشتووکاڵییەکان، تیمێکی ئەندازیاران لە زانکۆی تسینگوا و ئەکادیمیای زانستی چینی و هەروەها ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی تایبەت بە دروستکردنی ئامێرەکان، لە پەرەپێدانی نمونەی سەرەتایی تراکتۆرەکە هاوکاریان کردووە.

ئەو تراکتۆرە کە هێشتا بەشێکی زۆری تایبەتمەندییەکانی ئاشکرا نەکراون، دەتوانرێت بە تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەمی تۆرەکانی پەیوەندیکردن 5G ببەسترێتەوە، هەروەک چۆن دەتوانرێت لەدوورەوە و لەڕێگای ریمۆت کۆنترۆڵەوە بەشێکی زۆر لە کارە کشتووکاڵییەکانی پێ جێبەجێ بکرێت.
ئامادەکردن  : ئاکۆ ئاڵی