ساڵی داهاتوو رەوانەکردنی پشکی هەرێم پابەندە بە رادەستکردنی نەوتەوە

عیراق

30/11/2020‌ 977 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حازم خالیدی سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت و پلاندانانی ستراتیژی لە پەڕلەمانی عێراق رایگەیاندووە کە هەوڵ دەدەن لە چەند بڕگەیەک لەناو پرۆژەی بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢١ جێگیر بکەن و تێیدا مەرجی ئەوە دابنێن کە بێ رادەستکردنی نەوت بەبەغدا هیچ برە پارەیەک رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکرێت.

خالیدی لەلێدوانێکدا بەپێگەی "مەعلوومە"ی راگەیاندووە کە لەبەرئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە حکوومەتی فیدراڵی بەغدا، بۆیە دەبێت پابەندی هەموو یاسا فیدراڵییەکان بێت کە یەکێک لەوانە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵییە.

خالیدی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە حکوومەتی ئێستا و پێشووتری بەغدا هەوڵیانداوە لەڕێگای ناردنی پارەوە دۆستایەتی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنن، بەڵام ئەو روونیکردۆتەوە کە دەبێت یاسا بەسەر هەموواندا وەک یەک جێبەجێ بکرێت و هیچ پارێزگایەک جیانەکرێتەوە.

سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت و پلاندانانی ستراتیژی لە پەڕلەمانی عێراق جەختی کردۆتەوە کە پەڕلەمانی عێراق هەوڵ دەدات چەند بڕگەیەک لەناو پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو دابنێت کەبەپێی ئەوە حکوومەتی ناوەندی پابەند دەکات بەوەی بێ رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە حکوومەتی ناوەندی، هیچ برە پارەیەک رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکرێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی