په‌رله‌مانتارێك: حکومەتی هەرێم بەهیچ جۆرێک نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا ناکات

کوردستان

01/12/2020‌ 1424 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەڕلەمانتارێکی کورد له‌به‌غدا، حکومەتی هەرێم تۆمەتباردەکات بەوەی خەریکی کاتکوشتنەو نایەوێت لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت‌و نەوتەکەی ڕادەستبکات، بۆئەوەش دەیەوێت شەقامی کوردی لەدژی حکومەتی بەغداو کوتلە سیاسییەکانی بەغدا دنە بدات.

یوسرا ڕەجەب پەرلەمانتاری عێڕاق لەسەر ناوی تەڤگەری ئازادی  لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت:"حکومەتی هەرێم بەهیچ جۆرێک نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا ناکات، لەبەرئەوەی ناتوانێت ئەوکارەبکات، بەوپێیەی پێشوەختەو بۆماوەی ٥٠ ساڵ نەوتەکەی بەتورکیا فرۆشتوە، جگەلەوەی ڕێککەوتنێکی تری لەگەڵ ڕوسیا واژۆکردوە بۆ فرۆشتنی غاز".

ئەو پەڕلەمانتارە کوردە ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتی هەرێم نیازی ڕێککەوتنی نییەو دەیەوێت کات بکوژێت، هەروەک لەڕێگای یاریکردن‌و جوڵاندنی هەست‌و سۆزی هاوڵاتیانه‌وه‌ خەریکی وروژاندنی پرسە نەتەوەییەکانە، ئەویش بەدەرکردنی بەیاننامەو لێدوانی سۆزدارانەو تۆمەتبارکردنی بەغدا بەڕەوانەنەکردنی موچە".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ جەختیکردۆتەوە، "هاوڵاتیانی کوردستان ئارامگریان نەماوەو چیتر لەپێناو ڕازیکردنی خێزانە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی دەستی دەستی‌و یاریکردن بەهەست‌و سۆزیان ناکەن".

لەگەڵ ئەوەی بەپێی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی مەرجی ڕەوانەکردنی موچەی هەرێمی کوردستان بەستراوەتەوە بەسه‌ردانى وه‌فدێكى هەرێم بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئەو بڕە نەوتەی دەبێت هەرێمی کوردستان ڕادەستی ناوەندی بکات، بەڵام هێشتا دەسەڵاتدارانی هەرێم بڕیاریان نەداوە ئەو وه‌فده‌ ڕەوانەی بەغدا بکەن‌و لەسەر پشک‌و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان ڕێککەوتن بکەن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی