پەرلەمانتارێکى گۆڕان: بەیاننامەکەى گۆڕان لە ژێر فشارو بە دڵی پارتى دەرکراوە

کوردستان

01/12/2020‌ 1581 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانتارێکى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق رایدەگەیەنێت، فراکسیۆنەکەیان هیچ پەیوەندیەکى ئۆرگانیان بە سەرکردایەتى ئێستاى گۆڕانەوە نەماوە.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامى پەرلەمانى عێراق لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "شارپرێس" رایگەیاند، ئەوانەى گوزارشت لە رای  بزوتنەوەى گۆڕان دەکەن پەرلەمانتارەکانیەتى نەک سەرکردایەتى ئێستای بزوتنەوەکە، چونکە فراکسیۆن و میدیای گۆڕان بەر لە دامەزراندنى حزبەکە دروست بووە.

سەبارەت بە بەیاننامەکەى گۆڕان کە بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ هەڵوێستى بەشێک لەپەرلەمانتارەکانى لە پەرلەمانى کوردستان رەتدەکاتەوە هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت، ئەو بەیاننامەیە لەژێر فشارى پارتى و بە دڵی پارتى لەسەر ناوخۆى گۆڕان نوسراوە.

هەروەها ئەو پەرلەمانتارە باس لەوەش دەکات، ئەوان نیگەرانن لەوەى کە هەر لەگەڵ هەلبژاردنى یەکەم خانەى راپەڕاندن لادانێکى گەورە لە فکروبەرنامەو وەسیەتى نەوشیروان مستەفا تا دەگاتە ئێستا دروست بووە.

هۆشیار عەبدوڵا ئەوە دەخاتەڕوو، عێراق وڵاتێکى فاشیلەو لە هەموو رووەکانەوە ئەگەر لە هەرێم خراپتر نەبێت باشتر نییە، بەڵام بەوتەى خۆی ئەوان داوا دەکەن کە هەرێم سود لەو چوارچێوەیە وەربگرێت کە پێیدەڵێن دەوڵەتى عێراق لە قازانجى خەڵکى کوردستان.

لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا هۆشیار عەبدوڵا روونیدەکاتەوە کە هەرێمى کوردستان نایەوێت نەوت رادەستى بەغدا بکات، چونکە هەرێم دەزانێت لە بەرمیلێک نەوت چەندى دەست دەکەوێت و چی لێدەکات، بەڵام کە رادەستى بەغدای بکات پارەکەى دیار دەبێت.
س.هـ