ئەگەری کەرتبوونی حەشدی شەعبی هەیە.. ناکۆکییەکە لەنێوان لایەنگرانی مەرجەعیەتی سیستانی و لایەنگرانی خامنەییدایە

عیراق

04/12/2020‌ 1348 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئاکۆ ئاڵی
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "عەرەبی جەدید"ی قەتەری، ناکۆکی لەنێوان گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە عەلی سیستانی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی شیعەکانی عێراق کە بە "حەشدی عەتەبات" ناودەبرێن و میلیشیاکانی لایەنگری ئێران یان ئەوانەی بە "وەلائییەکان" ناودەبرێن و بروایان بە ویلایەتی فەقیه و بوونی هەژموون و دەسەڵاتی ئێران هەیە، درووستبووە.

لەراپۆرتەکەی رۆژنامە عەرەبییەکەدا هاتووە کە چەند کەسایەتییەکی ناو حەشدی شەعبی نزیک لە سیستانی بایکۆتی حەشدی شەعبیان کردووە و دەیانەوێت بەیەکجارەی پەیوەندییەکانیان بەو هێزانەوە بپچڕێنن، لەکاتێکدا میلیشیاکانی لایەنگری ئێران هەوڵی راستکردنەوەی دۆخەکە دەدەن.
عەرەبی جەدید ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئامانج لە پچڕاندنی پەیوەندی بە هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ یەکخستنی هەوڵویستی گرووپەکانی سەر بە حەشدی عەتەباتە بەرانبەر بە پەراوێزخستنی سەرکردە و کەسایەتییەکانیان لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبی.

گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە سیستانی لە "فیرقەی ئیمام عەلی" و "لیوای عەلی ئەکبەر" و "فیرقەی شەڕکەری عەباس" و "لیوای ئەنسار ئەلمەرجەعیە" پێکهاتووە و لەسەدا ٤٠ هێزەکانی حەشدی شەعبی پێکدەهێنن.

سەرچاوەکانی ناو حەشدی عەتەبات رۆژنامە عەرەبییەکەیان وتووە کە بەدرێژایی ماوەی رابردوو، تەنانەت لەلایەن حکومەتی ئێستای عێراق و پێشوتریش هەوڵی ئەوەیان لەگەڵ دراوە کە  خۆیان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی جیانەکەنەوە، لەبەرانبەر ئەوەدا بەڵێنی ئەوەیانپێدراوە کە پۆستی باڵایان لەناو حەشدی شەعبی پێبدرێت، بەڵام بەپێی راپۆرتەکە هێشتا حەشدی وەلائی لایەنگری ئێران رازی نەبوون هیچ پۆستێکی سەرکردایەتی بدەنەوە گرووپەکانی لایەنگری سیستانی.

لەگەڵ ئەوەی هێشتا هەنگاوەکانی کشانەوەی هێزەکانی سەر بە حەشدی عەتەبات دەستیان پێنەکردووە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان لایەنگرانی سەر بە ئێران ترسی کشانەوەی ئەو هێزانەیان هەیە، لەبەرئەوەی کشانەوەیان واتای نەمانی شەڕعەیەتی ئاینی بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی دەگەیەنێت، بۆیە هەوڵ دەدەن پرۆسەکە بۆ دوای هەڵبژاردنەکان دوابخەن.

لەوچوارچێوەیەشدا توێژەرێکی کاروباری سیاسیی کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە بەپێگەی "حەل نێت"ی وتووە لەکاتی پاشەکشەی حەشدی عەتەبات، هێزەکانی حەشدی شەعبی کۆتایی دێت، لەبەرئەوەی ئەو هێزانە بەپێی فەتوایەکی سیستانی دامەزراون، بۆیە ڕێگەدان بە جیابوونەوەی ئەو هێزانە واتە کشانەوەی فەتواکە.
ئەو شرۆڤەکارە روونیکردۆتەوە کە گەورەترین هۆکاری ناکۆییەکان بۆ رەفتاری هێزەکانی حەشدی شەعبی لایەنگری ئێڕان بەرانبەر بە هێزەکانی ئەمەریکا  و لێدانی بنکە سەربازییەکان و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەبەغدا دەگەڕێتەوە، لەبەرئەوەی سیستانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت ئەمن و ئاسایشی وڵات بشیوێنرێت و ڕێزی میوانەکانی عێراق بگیرێت.

کە سیستانی بەو ناوە بانگیان دەکات.

سەرچاوەکەی ناو حەشدی شەعبی بە رۆژنامەی "رۆیتەرز"ی وتووە کە ناکۆکییەکان لەسەر شوێنگرتنەوەی ئەبو مەهدی موهەندیس و خەرجکردنی پارەکانی ئێران بۆ پرۆسە سەربازییەکان یان بۆ فراوانکردنی هەژموونی سیاسی بێت دەگەڕێتەوە، بەشێکیش لە گرووپە چەکدارییەکان بێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی حەشد پەلاماری بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەدەن و ناکۆکی و قەیرانەکان قوڵتر دەکەنەوە.

لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەدەیان گرووپ و هێزی چەکداری پێکهاتووە کە لایەنداری جیاجیان هەیە، بەڵام ئەو هێزانەی فەرمان لە ئێران وەردەگرن هەژموونیان بەسەر حەشدی شەعبیدا سەپاندووە وەک کەتیبەکانی حزبوڵڵا و ڕێکخراوی بەدر و بزوتنەوەی نوجەبا و هیتریش.