شارپرێس:
سهرۆك كۆماری توركیا رایگهیاند فەڕەنسا لە سووریاوە تا لیبیا بووەتە بەشێک لە کێشە نەک چارەسەرکردن و "ھیوادارین رای گشتی نێودەوڵەتی کاردانەوەی پێویست نیشانبدا لە بەرامبەر ئەم ھەڵوێستەی فەڕەنسا کە ھەڕەشە لە گشت دەوڵەتەکان دەکات".
رهجهب تهیب ئەردۆغان سهرۆك كۆماری توركیا لە کۆشکی وەحدەدینەوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی رێگای ساریقامش-کاراکورت-خۆرەسان کرد و تێدا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگهیاند: "جارێکی دیکە لێرەوە دەیڵێم، ئازەربایجان دەستی بۆ خاکی کەس درێژ نەکردووە، ھێرشی بۆسەر کەس ئەنجام نەداوە، ئەو خاکەی ئازاد کردووە کە سەرەڕای بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخستنی ھاریکاری ئاسایشی ئەورووپا نزیکەی 30 ساڵە داگیرکراوە".
باسی لهوهشكردووه: "ئازەربایجان ئەمەشی لە چوارچێوەی شەرعیەت ئەنجامداوە نەک بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و ناوچە سڤیلنشینەکان. ھەربۆیە بڕیارەکەی فەڕەنسا لە پەرلەمان بەدەر لە ئابڕوچوون، کارەساتە، فەڕەنسا کە خاوەنی ھەمان ھەڵوێستە لە سووریاوە تا لیبیا، بە دەرکردنی ئەم بڕیارە ئیتر بووەتە بەشێک لە کێشە نەک چارەسەرکردن".
وتیشی: "فەڕەنسا لە لوبنانیش ھەمان یاری کرد، بەڵام دووبارە ھیچ ئەنجامێکی نەبوو، بەڵێ ماکرۆنیان دەرکرد، ھیوادارین رای گشتی نێودەوڵەتی کاردانەوەی پێویست نیشانبدا لە بەرامبەر ئەم ھەڵوێستەی فەڕەنسا کە ھەڕەشە لە گشت دەوڵەتەکان دەکات".