پاڵنەری هەڵكشانی فشارەكانی ئەوروپا بۆ سەر توركیا

مەلەفی تایبەت

06/12/2020‌ 1897 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماوەیەكە ئەوروپییەكان فشارەكانیان بۆ سەر توركیا چڕتر كردۆتەوە، لە 26 نۆڤەمبەری ڕابردوو پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەی سەركۆنەكردنی توركیای پەسەند كرد، پڕۆژەكە داوا لە یەكیەتی ئەوروپا دەكات لە لوتكەی ئایندەی یەكیەتییەكەیان كە لە دیسەمبەری ئەم مانگە دەبەسترێت، سزا بەسەر توركیادا بسەپێنن، ئەمەش لە بەرامبەر سیاسەتەكانی دەرەوەی توركیا كە دەیەوێت سیاسەتی ئەمری واقع بەسەر قوبڕس و خۆرهەڵاتی دەریایی ناوەڕاستدا بسەپێنێت و بەرەبەرەش ناكۆكییەكانی لەگەڵ یۆناندا فراوانتر دەكات.

لە 25 ی نۆڤەمبەری ڕابردوو ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا بڕیاری دانپێدانانی هەرێمی ناگۆرنا كەرەباخی وەك كۆمارێكی سەربەخۆ پەسەند كرد، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە سیاسەتە فراوانخوازییەكانی توركیا لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و باشوری قەوقاز هەڕەشە لە سەقامگیری ئەو ناوچانە و فەڕەنسا و ئەوروپا دەكات.

لە 22 ی مانگی ڕابردووش، لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئیرینی دەریایی ئەوروپیدا كە نەتەوە یەكگرتووەكان سەپاندوویەتی، كەشتییەكی تیژڕەووی (فیرقاتە) ئەڵمانی كەشتییەكی بارهەڵگری توركیای (ئیم فی ڕۆزلین ئایە) لە دەریای ناوەڕاستدا ڕاستدا ڕاگرت و هەوڵیدا بیپشكنێت، چونكە گومانی ئەوەی لێ دەكرد بە قاچاخ چەك بۆ لیبیا بگوازێتەوە.

ماوەیەكە توركیا گەرەكیەتی دۆخەكە لەگەڵ ئەوروپییەكاندا هێور بكاتەوە، ڕەجەی تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا داوای لە ئەورپییەكان كردووە بەڵێنەكانیان لە بەرامبەر وڵاتەكەیدا جێبەجێ بكەن، وتیشی شوێن و پێگەی ڕاستەقینەی توركیا لە ناو ماڵی ئەوروپییەكان دایە. لە 21 نۆڤەمبەری رابڕدووش ئیبراهیم قالن- ی ووتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی توركیا هەمان هەڵوێستی دووبارە كردەوە.

دەكرێت هۆكارەكانی ئەو سیاسەتە توندەی ئەوروپییەكان بەرامبەر توركیا لەم چەند خاڵەدا كورت بكەینەوە:
یەكەم/ پشتیوانی لە ئەندامەكانیان
ئەمەش دوای ئەوە هات كە ناكۆكییەكانی نێوان توركیا لە لایەك و فەڕەنسا و یۆنان و قوبرس لە لایەكی دیكەوە بەرەو هەڵكشان چوون، هۆكارەكەش دۆسییەی گەڕان و پشكنینی توركیایە بە دوای ووزەدا لە خۆرهەڵاتی دەریایی ناوەراستدا، ئەنقەرە گەرەكیەتی لەو ناوچەیەدا لەسەر هەگبە و كەوڵی ئەوروپییەكان برەو بە هەژموونی خۆی بدات، بۆیە ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسا ڕایگەیاند كە بەرزەفڕییەكانی توركیا هەڕەشە لە فەرەنسا و ئەوروپا دەكەن، ئەمەش بۆ یەكیەتی ئەوروپا پرسێكی ستراتیژییە، بە تایبەتیش بۆ دەوڵەتانی باشوری ئەوروپا.

دووەم/ پارێزگاریكردن لە یەكڕیزی یەكیەتی ئەوروپا
ئەوروپییەكان لەوە دەترسن ناكۆكییەكانیان سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەنقەرە تووشی پەرتبوون و دابەشبوونیان بكات و نەتوانن بە بڕیارێكی یەكگرتوو ڕووبەڕووی توركیا ببنەوە، فەرەنسا و نەمسا لەگەڵ ئەوەدان فشاری زیاتر بخرێتەسەر توركیا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا پێیان وایە باشترین چارەسەر سازانە لەگەڵ توركیا، ئەڵمانیاش جارێك لەگەڵ هێوركردنەوە و جارێك لەگەڵ جڵەوگیركردنی توركیا دایە، بۆیە لە ئێستادا دەوڵەتانی یەكیەتییەكە دەیانەویت ئەو پەرتبوونەیان چارەسەر بكەن و لە ماوەی ئایندەدا بە بڕیارێكی یەكگرتوو ڕووبەڕووی ئەنقەرە ببنەوە و فشارێكی زیاتریشی بخەنەسەر.

سێیەم/ يەكهەڵوێستی لەگەڵ ئیدارەكەی بایدن
چاوەڕێ دەكرێت ئیدارە تازەكەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جۆ بایدن، سیاسەتێكی توندتر لەوەی دۆناڵد ترەمپ  لە بەرامبەر ئەنقەرەدا بگرێتەبەر، پێش بردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا بایدن ئەو هەڵوێستەی خۆی ڕاگەیاندبوو بەوەی جڵەوگیری سیاسەتەكانی توركیا دەكات. بۆیە یەكیەتی ئەوروپا دەیەوێت پەیامێك بۆ ئیدارە تازەكەی ئەمریكا بنێرێت بەوەی لە بەرامبەر سیاسەتە فراوانخوازییەكانی توركیادا نەرمی نەنوێنێت و بەیەكەوە لەگەڵ ئەوروپییەكان بە توندی ڕووبەڕووی ئەنقەرە ببنەوە.

چوارەم/ قۆزتنەوەی باری نالەباری ئابووری توركیا
هەندێك لە چاودێران پێیان وایە پاشەكشەكردنی ئابووری توركیا هەلێكە بۆ یەكیەتی ئەوروپا تاوەكو فشاری زیاتر بخاتەسەر ئەنقەرە، بۆیە یەكیەتییەكە داوای كردووە لە كۆبوونەوەی لوتكەی ئایندەی ئەوروپادا كە لەم مانگەدا سازدەكرێت، سزای قورس بەسەر توركیادا بسەپێندرێت، تاوەكو ئەنقەرە ناچار بكەن پاشەكشە لەو سیاسەتە فراوانخوازییەكانی بكات كە پێشتر لە ناوچەكەدا پەیڕەووی لێ دەكردن.

پێنجەم/ سنورداركردنی فراوانخوازییەكانی توركیا لە ئەفریقیا
هەڵوێستی توندی فەرەنسا و ئەوروپییەكان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە بە تەواوی بۆیان دەركەوتووە كە ئەنقەرە لە هەوڵی ئەوە دایە بوون و هەژموونی پاریس لە ناوچەكە بە گشتی و بە تایبەتیش لە ئەفریقیا بەرتەسك بكاتەوە، لە 20 نۆڤەمبەریش سەرۆكی فەرەنسا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ گۆڤاری (جۆن ئەفریك) ی فەرەنسی ئاماژەی بەو ڕاستییە كرد و گوتی ئەنقەرە گەرەكیەتی سیاسەتی جۆشدانی ڕقوقینە لە ئەفریقیا بە گشتی و دەوڵەتە ئیسلامییەكانیش بە تایبەتی، دژ بە پاریس برەو پێ بدات، بۆیە هەڵمەتێكی ناشرینكردن و ناوزڕاندنی فەڕەنسای دەستپێكردووە و پارەداریشی دەكات.

پوختەی قسە ئەوەیە: بە هاتنەسەركاری بایدن و بردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا، ئەوروپییەكان پێیان وایە لە جاران بەهێزترن، پێشیان وایە بایدن دەتوانێكی هاوبەشێكی ڕاستەقینەیان بێت لە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەكانی توركیا و جڵەوگیركردنی ڕەفتارە فراوانخوازییەكانی.

پێگەی ئەلەكترۆنی: موستەقبەل

وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر