فەرماندەکانی پنتاگۆن لەدوا ڕۆژەکانی سەرۆکایەتی ترەمپ دەترسن

جیهان

26/12/2020‌ 1365 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری "نیوزویک"ی ئه‌مریكی کە پشتی بەسەرچاوەی سەربازیی ئاگاداربەستوە، فەرماندە باڵاکانی پنتاگۆن‌و سەرکردە سەربازییەکانی سوپای ئه‌مریكا لەواشنتۆن، لەحاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشیدان‌و سەبارەت بەدواین ڕۆژەکانی ترەمپیش لەکۆشکی سپی نیگەرانن.

ڕاپۆرتە ئه‌مریكییەکە ڕونیکردۆتەوە، گەورە ئەفسەرانی پنتاگۆن لەبارەی ئەوەی ئەگەرهات‌و ترەمپ لەدوایین ڕۆژەکانی سەرۆکایەتییەکەیدا حوکمی عورفی لەوڵات ڕاگەیاند، گفتوگۆیان کردوە، هەرچەندە ڕودانی وەها پێشهاتێکیشیان بەئەگەرێکی دورزانیوە.

لەبەشێکی تری ڕاپۆرتی گۆڤارەکەدا هاتوە ((فەرماندە سەربازییەکانی سوپای ئه‌مریكا، ئەوانەی بەرپرسن لەواشنتۆنی پایتەخت، بەشداردەبن لەپلاندانانی نهێنی بۆ دۆخە لەناکاوەکان، ئەگەرهات‌و بانگهێشتی سوپا کرا بۆ پاراستنی سیستەمی مەدەنی یان پشتپێبەستنی لەماوەی گواستنەوەی دەسەڵات یان لەکاتی دانانی سەرۆکی نوێ)).

هەر لەوچوارچێوەیەدا بەرپرسێکی سەربازی باڵای خانەنشینکراوی سوپای ئه‌مریكا کە ڕاوێژ پێشکەشی گەورە ئەفسەرانی سوپا دەکات وتویەتی:"ماوەی ٤٠ ساڵ لەناو سوپادا بوم، هەرگیز نەمدیوە کۆبونەوەو گفتوگۆی چڕوپڕی هاوشێوەی ئێستا بەڕێوەبچن".

نیوزویک دەڵێت:"شه‌ش گەورە ئەفسەری سوپای ئه‌مریكا بۆچونیان وایە کە لەگەڵ ئەوەی هیچ دەرفەتێک نییە بۆئەوەی لەپێناو گۆڕینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەشداری بەفەرماندە سەربازییە باڵاکان بکرێت، بەڵام ئەوان نیگەرانن لەوەی ترەمپ هەوڵی تێوەگلاندنی سوپا بدات، بەتایبەت ئەگەربێت‌و سەرۆک بیەوێت میلیشیای تایبەت‌و هێزی نیمچە سەربازیی لایەنگری خۆی دروستبکات‌و ئاستەنگ بۆ گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات دروستبکات". 

هەروەک دادوەرێکی خانەنشینکراوی سەربازیی بەگۆڤارەکەی ڕاگەیاندوە، "لەئێستاداو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە سەرۆک دەسەڵاتی بێپێشینەی هەیە، هەربۆیە ئەگەربێت‌و لەپاڵ ئەو دەسەڵاتانەشدا هەندێک کەس قسەی بۆ بکەن، ئەوە واهەستدەکات کە ئەو خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایەو لەسەروو یاساوەیە".

لەبەرامبەردا، ترەمپ ئەو هەواڵانەی ڕەتکردۆتەوە، کە باس لەوەدەکەن ئەو بیر لەڕاگەیاندنی ئەحکامی عورفی دەکاتەوەو هەواڵەکەشی بەهەڵبەستراو ناوبردبوو، بەڵام ڕۆژی یەکشەممە دوو سەرچاوەی ئاگادار لەکۆشکی سپی بەتۆڕی "سی ئێن ئێن"یان ڕاگەیاندبوو، ئەو بابەتە لەکۆشکی سپی قسەی لەبارەوە کراوە، هەرچەندە ئەوان ڕونیان نەکردەوە کە ئایا ترەمپ بەپلانەکە ڕازیبوە یان نا.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی