ئێران نەیتوانى برینى سولەیمانى ساڕێژ بکات
بۆچی ئەمریکا بڕیاریدا قاسم سولەیمانی لەناو بەرێت؟

ڕاپۆرت

02/01/2021‌ 1031 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ساڵی ٢٠٢٠ بەڕووداوێکى زۆر گرنگ دەستیپێکرد، کاتێک بەرەبەیانی ڕۆژى 3ى کانوونی دووەمی قاسم سولەیمانی‌ فەرماندەی‌ فەیلەقی‌ قودسی‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران و ئەبومەهدی‌ موهەندیس جێگری‌ سەرۆکی‌ دەستەی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ و چەند کەسێکى دیکە لە یاوەرەکانیان لە نزیک فڕۆکەخانەى بەغدا کوژران.

بەماوەیەکى کورت دواى کوژرانى قاسم سولەیمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا بە فەرمی سەرکەوتن و پرسیارێتى وڵاتەکەی لە کوشتنى قاسم سولەیمانی و هاوڕێکانى راگەیاند کە لە پڕۆسەیەکى پڕ زانیاری و هەواڵگیری ورددا ئەنجام دراوە.

کاردانەوەکانى کوژرانى قاسم سولەیمانی
بە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەى ترەمپ تەمومژ لەسەر ئەوە نەما کە کێ قاسم سولەیمانی کوشتووە، بۆیە ئێران وەک کاردانەوەیەک دەستی کرد بە موسەکبارانکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام جگە لە برینداربوونى چەند سەربازێک و چەند زیانێکى مادی هیچی ترى بەدواوە نەبوو.

  ئەم رووداوە چەندین کاردانەوەى گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا،پەیوەندییەکانى ئەمریکاو ئێرانی خستە قۆناغێکى ترەوەو لەلایەکی دیکەشەوە برینەکانى عێراقی هێندەى دیکە قوڵتر کردووەتەوە بەجۆرێک بەشێوەیەکى راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ خاکى عێراقی کردە گۆڕەپانى ململانێی و جەنگی واشنتۆن و تاران.
یەکێک لەو کاردانەوانەى کە ئەمریکاى  توڕەکرد بڕیارێکی پەرلەمانى عێراق بوو کە تایبەت بوو بە دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق، بەڵام ئەو بڕیارە نەبووە هۆی کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکاو جێبەجێ نەکرا، ئەمە تەنیا کاردنەوەیەک بوو کە بە فشارى ئێران ئەنجامدرا.

لەگەڵ ئەوەى کوژرانى قاسم سولەیمانی پەل و پۆی ئێرانى لەناوچەکە بەراورد بە رابردوو کورتتر کردەوە، بەڵام هێشتا پاشەکشەى بە ئێران نەکردوە لەو دەستوەردانەى لەناوچەکەو بەتایبەتى عێراق دەیکات، بۆیە ئەمریکا دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت دەستى ئێران لەناو عێراقدا ببڕێت، بەڵام تاێستا واشنتۆن لەو هەوڵە سەرکەوتوو نەبووە.

هۆکارەکانى کوشتنى قاسم سولەیمانی چی بوون؟
هەرچەندە ناکۆکییەکانى ئەمریکا و ئێران لەسەر دۆخى سوریا، لیبیا، لوبنان و عێراق لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا لە هەڵکشانى بەردەوامدا بوو، بەڵام هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا وبەرژەوەندییەکانى ئەو وڵاتە لە عێراق بە هۆکارى بێ چەندوچوونى کوشتنى قاسم سولەیمانی دادەنرێن.

بەپێی دواین زانیارییەکانى دەزگاى هەواڵگیری ئەمریکا قاسم سولەیمانی بەر لە کوژرانى پلانى درێژخایەنی بۆ هێرشکردنە سەر بالیۆزخانەى ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانى ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەتایبەت عێراق بۆ ملیشیاکان و گروپەکانى سەر بە ئێران داڕشتووە.

هێرش و پەلامارەکانى گروپە ملیشیاکان بۆسەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا ئەو پلانەی قاسم سلێمانى پشتڕاست دەکاتەوە بەو پێیەى ئیستا هێرشەکان بۆ سەر ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە چڕبوونەتەوە، بەڵام ئەو هێرشە یەک لەدوای یەکانە خەریکە ئارامى لە ئێران دەبڕێت.

ئێران دوای کوژرانى قاسم سولەیمانی
کاتێک قاسم سولەیمانی کوژرا ئێران بەڵێنیدا قورسترین تۆڵە لە ئەمریکا بکاتەوە، بەڵام دواى ئەو رووداوە گەورەیە هیچ تۆڵەیەکى ئەوتۆی نەکردەوە کە برینى کوژرانى سولەیمانی ساڕێژ بکاتە، بەڵکو تەنیا ناوە ناوە ئێران لە رێی ملیشیا شیعەکانى خۆیەوە لەعێراق هێرش دەکاتە سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا،هەرچەندە ئەوەش ترسى بۆ ئەمریکا دروستکردوە، بەڵام هەرگیز ئەوە ئەو تۆڵەیە نییە کە لە عەلی خامنەییەوە تا سوپای پاسداران باسیان دەکرد.

لەکاتى سەردانى مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ تاران، عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگه‌یاندبوو کە كوشتنی قاسم سلێمانیان له‌بیرنه‌كردووه‌ و به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌رێگه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌مریكیه‌كانه‌وه‌ تۆڵه‌ی ده‌كه‌نه‌وە، بە ئاشکراش ئەوەى وتووە کە بەشێکى تۆڵەکردنەوەکانیان لە ئەمریکا لەناو عێراق دەبێت.

لەئێستادا کە ساڵیادى کوژرانى قاسم سلێمانییە ئێران لەرێگاى ملیشیا شیعەکانى لە عێراق هێرشەکانى بۆ سەر ئەمریکا چرکردوەتەوەو هەڕەشەو لێدوانەکانى دەسەڵاتدارانى ئێرانیش دژ بە ئەمریکا زیاتر بووە.

لەگەڵ هاوسۆزی و نزیکی بەشێک لە ملیشیا شیعەکان بۆ ئێران، بەڵام لەدواى کوژرانى قاسم سلێمانى بەشێکى زۆری حه‌شدی شه‌عبـی وەک رابردوو پشتیوانى له‌ سیاسه‌ته‌كانى ئێران ناكه‌ن لە عێراقدا، ملیشیاکانی سه‌ر به‌ ئێرانیش گه‌وره‌ترین كارێك كه‌ بتوانن بیكەن به‌ ئامانج گرتنى پێگه‌كانى ئه‌مه‌ریكایه‌ به‌ چه‌ند موشه‌كێك، ئه‌وكاره‌ش ناتوانێت بوونى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق له‌ق بكات.

ئەوەى پەیوەستە بە کاریگەرى کوژرانى قاسم سلێمانى لەناوخۆى ئێران دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە هه‌وڵ ده‌دەن له‌ ڕووى سیاسی و دیبلۆماسییه‌وه‌ سوود له‌ كوشتنى قاسم سولەیمانی وه‌ر بگرن تا بتوانن زۆرترین ده‌ستكه‌وتى سیاسی به‌ده‌ست بهێنن و خۆیان ده‌رباز بکەن له‌و قه‌یرانه‌ ئابورییه‌ قووڵه‌ى كه‌ تێى كه‌وتوون‌.

قاسم سولەیمانی کە لە پانزە ساڵى ڕابردوودا بەردەوام هەوڵى داوە ڕووداوەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەتایبەت عێراق لەرێگاى سیاسى و سەربازى و تەنانەت مەزهەبیشەوە لەبەرژەوەندى وڵاتەکەى بگۆڕێت، بەڵام لەدواى  کوژرانى هیچ کەسێک ئەو جێگایەى پڕ نەکردوەتەوە کە ئەو کارە بۆ ئێران بکات.