یەکێتى تا کەى دەست بەکەواکەى پارتیەوە ئەگرێت

کوردستان

04/01/2021‌ 8668 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەوەى ئێستا لەکوردستان ئەگوزەرێت، بەرئەنجامی سیاسەتى هەڵەو کورتبینى لایەنە سیاسییەکانە، بەرئەنجامى ئەو ئاراستە خراپەیە کە بۆ حوکمڕانى کوردستان گیرایەبەرو دەستبەردارى نەبون، هەڵەى ئەو سەرکردانەیە کە لە 30 ساڵى ڕابردودا جڵەوى حوکمڕانیان بەتۆپزى گرته‌ده‌ست‌و ئامادەنەبون گوێ بۆپێشنیازو ئامۆژگارى دۆستەکانیش بگرن.

ئێستا دەستەبژێرى ڕۆشنبیرو کادرى سەرکەوتوى ناو حزب، ئەوانەن کە ئەتوانن لەچاوتروکانێکدا هەموو کەموکورتى لایەنى بەرامبەرت بۆ باسبکەن‌و لەبەرامبەر کەموکورتى حزبەکەى خۆشیاندا بەدەیان ساڵ قوڕوقەپ بکەن.

هەرچۆنێک بێت، ئیتر دۆزینەوەى هەڵەو کەموکورتى، وردبژێرى‌و وردەکارى ناوێت، هەڵەکان زەق‌و دیارن، هۆکارى شکست‌و پاشەکشەکان، چارەسەرنەکردنى گەندەڵى‌و ناشەفافیەت، پێویستیان بەشیکارى سیاسى نییەو ئەو منداڵانەش ئەتوانن قسەى ڕاست‌و دروستت بۆبکەن کە بەهۆى خراپى دۆخى ژیانی خێزانەکانیانەوە دەستبەردارى خوێندن بون‌و لەناو بازاڕ خەریکى عەلاگە فرۆشتنن تا بتوانن بژین.

زۆرینەى یەکێتى پارتى تۆمەتباردەکەن‌و بەهۆکارى هەموو خراپەیەکیان دەدەنە قەڵەم، یەکێتى کە هەر لەسەرەتاوە شەریک‌و هاوبەشى حکومەتەو بەشێک لەداهاتى کوردستان لەبن دەستى ئەوە، چاوى لەوەیە لەڕێگەى ئەو ڕەخنانەوە شانى خۆى خاڵى بکاتەوە لەبەرپرسیارێتى خراپى دۆخەکە، پارتیش کە زۆرینەى بڕیارە هەستیارو گرنگەکان لەدەستى ئەوە، لەڕێگەى میدیاکانیەوە خەریکى ناشرینکردن‌و ڕەشکردنى هاوبەشەکەیەتى، بەڵام کێ هەیە نەزانێت ئەم بازاڕە شێواوەى حوکمڕانى کێ دروستیکردوەو کێ سودمەندە لێى!

خۆ گەر هەرلایەکیان بیانویستایەو ئیرادەى گۆرانکاریان هەبوایە، دەیانتوانى هەرلایەک لەشوێنى خۆیانەوە کارى زۆر گەورەو جدی ئەنجامبدات‌و وڵات بکەوێتەسەر ڕێچکەى بەرەو پێشچون، نەک وەک ئێستا دۆشدامان‌و پوکانەوە.

 دەبوو پارتى بەگۆڕانکارى لەپۆستى سەرۆک وەزیران، ئەو فرسەتەى بقۆستایەتەوەو خاڵى جیاکەرەوەى لەنێوان دۆخى پێشترو دەستبەکاربونى سەرۆک وەزیرانى نوێ دابنیایە، دەکرا خاڵى جیاکەرەوە ئەوە بوایە کە ئیدارەى نوێ، سودى لەهەڵەکانى پێشوو ببینیایەو نمونەیەکى نوێى حوکمڕانى پیشکەش بکردایە کە بەداخەوە نەک هیچ جیاوازییەکى وا نەبینرا، ئەوەشى کە بەناوى چاکسازییەوە خرایەڕوو، پاشەکشەى زیاترى پێوە دیاربوو نەک پێشکەوتن.

یەکێتى پێش کۆنگرەى چوار، سەرى زمان‌و بنى زمان‌و نوێبونەوە بوو، دواتردروشمى گۆڕانکارى‌و خۆ نوێکردنەوەکەشى لەگۆڕینى چەند دەموچاوێک کورتکردەوە، ئەوەى گۆڕدراو لابراو دورخرایەوە، ئەو کارەکتەرانەبون کە دۆخى ڕابردوى ناو یەکێتى خۆى دروستیکردبون، ئەوان باشیان کردبێت یان خراپ، کارەکانیان ڕەنگدانەوەى دۆخە حزبیەکەیان بوە، بۆیە کۆنگرە لەباتى ئەوەى سزاى دۆخە حزبیەکە بدات‌و ڕەخنەى لێى هەبێت، هەموو هەڵەو کەموکورتیەکانى سه‌رى بەشانى ئەواندا، سەرەنجام یەکێتى بەم هەڵەیەى فرسەتێکى گەورەى لەدەست خۆیدا.

دواتر کە کۆنگرە خاڵى دەبێت لەو جەدەلە سیاسییە حزبییەى کە پێویستبوو بۆ هەستانەوەى یەکێتى، ئیتر سەرکردایەتى نوێى یەکێتى‌و ئامانجى کۆنگرەکەش، دەکرێتە قوربانى پشک‌و حزبیش لەدەستەبژێرێک ڕێکدەخرێتەوە کە زیاتر لەئیدارەى فەرمانبەرو بەڕێوەبەر دەچێت، نەک بنەماى حزب‌و کاری ڕێکخراوەیى.

ئێستا یەکێتى لەقەیرانێکى سیاسى‌و ڕێکخراوەیى قوڵدایە، خۆى خستۆتەسەر دوڕیانێک، یان ئەوەتا بەم چاونوقاویی‌و بێ بەرنامەییەوە، سیاسەت ئەکات‌و لەدواوەى ڕوداوەکان دەمێنێتەوەو دەست بەکەواکەى پارتیەوە ئەگرێت تا لەوە زیاتر بەجێى نەهێڵێت، یان ئەوەتا دەستدەخاتەسەر برینەکانى خۆیى‌و ئیستێک دەکات‌و هەنگاوێک دەگەڕێتەوە دواوەو دابڕانێک لەنێوان ئێستاو ئایندەیدا دروستئەکات.

دیارە بۆکارێکى لەو جۆرەش، پیش هەرشتێک پێویستى خستنەڕوى ئەو ئیرادەیە هەیە، کە بەرژەوەندى هەستانەوەى یەکێتى چى پێویست بێت ئەوەبکات‌و بەرپرسیارێتى لەخۆى نیشانبدات، وەک هێزێکى خاوەن ئیرادەو بەرپرسیار، پیاچونەوە بکات تا چارەنوسى خۆى وەک هێزێکى سیاسى سەربەست بکات‌و بڕیاربدات کە بەرژەوەندیەکانى حزب جیابکاتەوە و نەیبەستێتەوە بەبەرژەوەندى کەسى‌و ئەو پشک پشکێنەى کە ئێستا یەکێتى لەسەر ڕاگیراوە.

یەکێتیەکان ئەبێت باش لەدۆخى ئیستاى خۆیان بڕوانن ئەوەى کە وایکردوە، وەک هێزێکى پاشکۆو لاواز دەربکەوێت، ئەوە شەراکەت‌و هاوبەشىکردنى نییە لەگەڵ پارتى، بەڵکو ئەوەى ئەو تێڕوانینەى تۆخکردۆتەوە ئەوەیە کە یەکێتى وەک حزبێکى سیاسى خاوەن بەرنامە خاڵییە لەپڕۆژەو قەزیەى سیاسى‌و تواناى پێشبینیکردنى نەماوە، هەربۆیە بەشێکى زۆرى ئەو کارەکتەرانەى دەنێردرێنە ناو حکومەت‌و پەرلەمان، هیچ دنیا بینییەکى حزبییان نییەو ناوماڵى حزبیشیان بەخاڵى‌و بەتاڵ ئەبیننەوە لەبونى هەر بەرنامەیەکى جدى‌و کاریگەر.

بەکورتى بەڵگە نەویستە لەدۆخێکى ئاوادا گرەوەى نوێبونەوەو هەستانەوەى یەکێتى وەک حزبێکى کاریگەر، بەستراوەتەوە بەوەى کە ئەم سەرکردایەیتیەى ئێستاو ئەندام‌و سەرکردە دێرینەکانى، تاچەندە دەتوانن‌و ئیرادەیان هەیە بۆ ئەوەى یەکێتى لەفۆڕمى کۆمپانیاو پشکپشکێنەوە بگۆڕن بۆ فۆڕمى حزبێکى یەکگرتوى بەرپرسیارو خاوه‌ن قەزییەى سیاسى.