نهێنیەکان دەردەکەون و دەستی بەرپرسان لەو پارانەى براونەتە دەرەوەی وڵات ئاشکرا دەبێت

ڕاپۆرت

05/01/2021‌ 4484 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کێن ئەوانەی تێوەگلاون لە بردنەدەرەوەی زیاتر لە 200 ملیار دۆلار؟
لایەنە پەیوەندیدارەكان دەتوانن ئەو پارانە بگێرنەوە؟
هیچ زانیارییە لەبەر دەستدایە ئەو پارانە بەچ رێگایەك براونەتە دەرەوە؟
پشكی بەرپرسەكانی كورد و بانكەكانی كوردستان لەم كارەدا چەندە و چۆنە؟
کێن ئەوانە بەدوای گێرانەوەی سەرمایەی وڵاتێکن کە بەرپرسانی باڵا بە نایاسایی بردویانەتە دەرەوەی ولات؟

وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە زانیاری ناو ئەم راپۆرتەن كە شارپرێس دوای بەدواداچونێكی مەیدانی توانیویەتی بەشێك لە و وەڵامانەی دەستبكەوێت و بۆ پاراستن و سەڵامەتی  لێكۆڵینەوەكان ناوی كەسەكان و دامەزراوەكان بە نهێنی دەهێڵێتەوە تا کاتی یەکلابونەوەی دۆسیەکان.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە بەردەستن، دەستەی نەزاهەی عێراقی و داواكاری گشتی، نوسینگەی نەهێشتنی سپیكردنەوەی پارە لە بانكی ناوەندیی عێراق، بەسەرشتی راستەوخۆی سەرۆكایەتی كۆمار، هەوڵەكانیان چر كردۆتەوە بۆ دۆزینەوەو ئاشكرا كردنی ئەو پارانەی بەشێوەی نایاسایی و بەرێگای سپیكردنەوە براونەتە دەرەوەی وڵات.

ئەو برە پارەیەی لەئێستادا ئاشكرا كراوەو تارادەیەك شوێنەكانیان دیاریكراوە، زیاتر لە 200 ملیار دۆلارە كە لەماوەی ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٥ بەشێوازی جۆراو جۆر براوەتە دەرەوە و لەچەندین بانكی دەرەوە مامەڵەی پێوە كراوە.

ئێستا داتابەیسێك بۆ كۆكردنەوەی زانیارییەكان دروستكراوە، وەك سەرەتایەك ناوی بەشێكی زۆر لەبەرپرسە باڵاكانی كوردو عێراقی هاتوە كە لەو كارەوە تێوەگلاون و تیمەکان سەرقاڵی داخڵ کردنی ناو و پلەی بەرپرسان و بری پارە دزراوەکانن لەلایەن ئەو بەرپرسانەوە.

زانیاری لەسەر كاری بانكەكان و شێوازی جوڵە پێكردنی پارە كۆكراوەتەوە، بەشێكی زۆر لەو پارانە لە بانكەكانی كوردستانەوە رەوانەی دەرەوە كراون، ئەو زانیاریانەش لەرێگەی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی دراوە بە لیژنەی بەدواداچون تا بەشێوەیەكی فراوانتر و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كاری لەسەر بكەن.

هەوڵەكان بۆ گەراندنەوەی پارە براوەكان لەرێگەی كێوە ئەنجام دەدرێت؟
عێراق لەسەر ئاستی باڵا پەیوەندی كردوە بە نەتەوەیەکگرتوەکانەوە و ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بەوەی ئاسانکاری بۆ عێراق بکەن تاوەکو بتوانێت پارە بلۆککراوو بەقاچاخبراوەکانی بگێڕێتەوە.

  "ئیدمۆن گروپ" یش هاتۆتە سەرخەت، ئەم كۆمەڵەیە لەسەر ئاستی جیهان كار دەكات بۆ ڕوبەررو بونەوەی تەمویلی تونڕەوی و بەدواداچوونی پارەی دزراو و ئەو پارانەی لەهەندێك وڵات بەشێوەی سپیكردنەوە دەنێردرێنە بانكەكانی دەرەوە.

 ئێستا ئیدمۆن گروپ بەهاوكاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەستی كردوە بە گەران وئاشكرا كردنی ئەو برە پارەیەی كە لە ماوەی ١٢ ساڵدا لەعێراق و كوردستان براونەتە دەرەوە، هاوكات رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی جیهانی ئاگادار كراوەتەوە كە بەهەماهەنگی بانكی نێودەوڵەتی بری پارە دزراوەكە و خاوەكانەكانیان دیاری بكەن، تا لەرێگەی نەزاهەی عێراقی و داواكاری گشتیی عێراقەوە، بریاری گرتنی خاوەنەكانیان دەربكرێت و برە پارەكان لەرێگەی ئیدمۆن گروپ و نەزاهەی عێراقیەوە بگەرێندرێنەوە بۆ بانكی ناوەندی عێراق و لەوێشەوە بۆ خەزێنە بەتاڵکراوەکەی وڵات.

ژمارەی ئەو كەیسانەی تاكو ئیستا كۆكراونەتەوەو گومانیان لەسەرە كە دەستیان لەسپی كردنەوەو بردنە دەرەوەی پارە هەیە زیاتر لە هەزارو پێنج سەد كەیسە، ژمارەی ئەو بانكانەی لەعێراق و كوردستان كە لەم كارەوە تیوە گلاون، زیاتر لە 20 بانكن كە هەندێكیان بەشێوەی وەهمی كاریان كردوە و بەشێکی زۆریان لە هەرێمی کوردستانن.

سەرۆکوەزیران چی دەڵێت لەبارەی هەوڵەکانەوە؟
 هەرلەوچوارچێوەیەدا، لەمانگی تشرینی یەکەمی ڕابردودا، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، "هاوپەیمانێتییەکی دارایی لەژێر ناوی "گروپی پەیوەندی دارایی" دروستکراوە کە لەڕوی ڕاوێژکاری داراییەوە هاوکاری عێراق دەکات‌و لەناویاندا یارمەتیدانی عێراق لەگێڕانەوەی پارە بەقاچاخبراوەکانی.

ئەمەش ئەوە دەردەخات كە هەماهەنگییەكی جدی لەسەر ئاستی هەردوو سەرۆكایەتی و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەی نەزاهەی عێراقی دروست بووە بۆ ئەوەی بەهەمووان بتوانن ئەو پارانەی دەرەوە بگیرنەوە و بەرپرسە تێوەگلاوەكان بەرەو رووی دادگا بكرێنەوە.
لیژنەی دەستپاکیی پشتراستی زانیاریەکان دەکاتەوە.

تایبەت بە هەمان دۆسیە تەها دیفاعی ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشتراستی زانیاریەکانی ئەم ڕاپۆرتەی کردۆتەوەو ئەوەی راگەیاند کە لیژنەی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پیکهێنراوەو لیژنەکە کاری باشی ئەنجامداوەو ئومێد دەکەین لیژنەکە کارەکانی بە باشی و دژ بە گەندەڵی و بەهەدەردانی پارەی وڵات بەردەوام بێت.

پرسیاری جدی ئەوەیە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق دەتوانن ئەو پارانە بگێرنەوە بۆ خەزێنەی وڵات و کۆتایی بە دەستی دزی و سپیکردنەوەی پارە بهێنن کە بەرپرسانی باڵای هەرێم و عێراق بە چەندین جۆر دەستیان لەو کارەدا هەیە؟ یان هەوڵەکان دەبنە قوربانیی رێککەوتنە سیاسیەکان و خەزێنەی دەوڵەتیش هەر بەبەتاڵی دەمینێتەوەو بانکەکەنی دەوەرەش بە پارەی عێراق دەوڵەمەند دەبن؟

بەپەلە