بۆ ناسینەوەی کۆڕۆنای گۆڕاو دەبێت ئاگاداری ئەو نیشانانە بین

تەندروستی

08/01/2021‌ 2683 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای بڵاوبوونەوەی لە بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و راگەیاندنی تۆمارکردنی لە چەند وڵاتێکی تر، هێشتا ڤایرۆسی کۆڕۆنای گۆڕاو بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە، پسپۆرانیش هۆشداریان لە چەند نیشانەیەکداوە کە ئەم ڤایرۆسەی پێ لە ڤایرۆسەکانی تر جیادەکرێتەوە، بۆیە دەبێت ئاگاداری بین و لەکاتی دەرکەوتنیدا بەهۆشیارییەوە مامەڵە بکەین.

لەوبارەیەوە پێگەی "لایف ماس" باسی لەوە کردووە کە گومان ناکرێت ڤایرۆسی کۆڕۆنای گۆراو لەو ڤایرۆسە کۆڕۆنایەی ئێستا مەترسیدارتر بێت، بەڵام لەڕووی خێرایی بڵاوبوونەوە لەسەدا ٧٠ خێراترە.

هەروەک دەستەی راوێژکاری تایبەت بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە بەریتانیا دەڵێت ئەوان متمانەی تەواویان هەیە کە کۆڕۆنای گۆڕاو توانای بڵاوبوونەوەی زیاتری هەیە ، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی سەد لەسەد نییە کە کوشندەتر بێت.

پسپۆران دەڵێن دیارترین نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنای گۆڕاو بریتین لە لەرز یان تا، کۆکە، تەنگەنەفەسی یان خراپ هەناسەدان، هەستکردن بە ماندوێتی، ئازاری ماسولکە یان ئازاری جەستە ، سەرئێشە، لەدەستدانی هەستی تام یان بۆن، هەوکردنی قوڕگ، لوتگیران یان ئاو لەلووتهاتن، رشانەوە و دڵ تێکەڵهاتن، سکچوون.

پزیشکانیش دەڵێن نیشانەکانی ئەم زنجیرە نوێیەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەگەڵ ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ زۆر لەیەکەوە نزیکن، نیشانەکانیش لەنێوان دوو رۆژ بۆ ١٤ رۆژ دەردەکەون.
ئامادەکردن  : ئاکۆ ئاڵی