په‌رله‌مانتارێك: داوامان كرد پشكی پارێزگاكانی هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌ بودجه‌ی 2021 دیاریبكرێت

عیراق

13/01/2021‌ 700 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی لیژنەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی لەسەر زیادبونی خەرجییەکان، چاکسازی و زیادبونی ژمارەی فەرمانبەران قسه‌یان كردووه‌ و داوایان كردووه‌ كه‌ پشكی پارێزگاکانی هەرێم لەبودجە و دامەزراندندا دیاریبکرێت.

له‌نوسینێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی قه‌یسبووك هۆشیار عه‌بدوڵا بڵاویكرده‌وه‌: "نەفەقاتی فعلی دەوڵەتی عێراق لە ساڵەکانی ۲٠۱۹ و ۲٠۲٠ لە نێوان ۱٠٠ تا ۱۲٠ ترلێۆن دیناردا بوە، ئەوەی کە ئێستا لە موازەنەی ساڵی ۲٠۲۱،  ۱٦٤ ترلێۆن تەخمینکراوە زیادەرۆییەکی بێ پاساوە و وەکو لیژنەی دارایی دەمانەوێت ئەو ژمارەیە بە رێژەیەکی بەرچاو داببەزێنین، بەتایبەتی دوایی ئەوەی بەوردی لیکۆڵینەوە لە ئەو پارانە دەکەین لە بۆ وەزارەت و دەزگا و دامەزراوەکان دانراوە. بەمەش چارەسەری نسبەتێکی بەرچاوی کورتهێنان دەکەین".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: وەزارەتیی دارایی عێراق یەکێکە لە وەزارەتە هەرە شکستخواردوەکانیی دەوڵەتی عێراق، زۆرینەی ئەو ئەرکانەی کە لە ئەستۆیدان وەک پێویست جێبەجێی نەکردون، یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی ئەو وەزارەتە نەبونیی داتای پێویستە، بەبێ چاکسازی لەو وەزارەتەدا عێراق هێندەی تر دوچاری گەندەڵیی و داڕوخانیی ئابوری و دارایی دەبێتەوە. ئەوانەی رۆڵیان لە وێرانکردنیی ئەو وەزارەتەدا بینیوە سێ کوتلە سیاسیە گەورەکەی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقن کە شیعە و کورد و سوننەن، هەر وەزیرێک یا وەکیل وەزیرێک لەو پێکهاتانە ئەو وەزارەتەی وەرگرتبێت لەبری چاکسازی وێرانتری کردوە.

هۆشیار عه‌بدوڵا ده‌شڵێت: "لە کۆبونەوەکانی ئەمڕۆماندا بۆ موازەنەی ۲٠۲۱، ستافی ئەو وەزارەتەمان لە وەکیل وەزیر و چەند بەرێوەبەرێکی گشتیی بانگهێشت کردبوو، لە سەر چەندین ئاست داوای زانیاری و داتامان لێکردن، زۆرینەی ئەو دەرد و نەخۆشیانەی لە لیستی موچەی هەرێمدا هەن لە بەغدادیش ئەگەر زیاتر نەبن کەمتر نین، بە نزیکی زیاتر لە ۱٠ ملێۆن کەس لە عێراق موچە خۆرە، ( کە دەڵێم موچە خۆر مەبەستم فەرمانبەر نیە، هەمو فەرمانبەرێک موچە خۆرە مەرج نیە هەمو موچە خۆرێ فەرمانبەر بێ، مەبەستم لە موچە خۆر و خانەنشین و چاودێری کۆمەڵایەتی و هتد)".

رونیشیكرده‌وه‌: پرسی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم لە قانونی موازەنەدا لە ساڵی ۲٠۱۱ ەوە هەر ٦۸۲٠۲۱ بۆچی زیادی نەکردوە، گوتمان لە ساڵی ۲٠۱۱ەوە رێژەی فەرمانبەر لە عێراق چەند زیادیکردوە بە نسبە و تناسب بۆ هەرێمیشی زیاد بکەن، وه‌ڵامی ئەوەبوو، ساڵانە داوای لیست و داتا دەکەین لەسەر لیستی فەرمانبەرانی هەرێم بۆمان نانێرن. وتی ئەگەر بینێرن بۆ ساڵی داهاتو لە موازەنەدا دوای تدقیق دەگۆڕێ. بێگومان ساڵی ۲٠۱۹ ش بە برگەیەک لە ماددەی ۱۱ دامان نابوو کە هەرێم تا کۆتای حوزەیرانی ۲٠۱۹ ئەو لیستە بنێرێ نەینارد، بریارماندا لە موازەنەی ۲٠۲۱ یشدا جارێکیتر داوای بکەینەوە.

هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه‌: "گەندەڵیی و خراپ ئیدارەدانیی داهات لە عێراق و هەرێمدا لەیەک دەچن، دەسەڵاتیی هەر دولا دو ڕوی دراوێکن. هێندە هەیە عێراق بە حوکمی ئەوەی بەرگی دەولەتی  هەیە کەمتر لێی دەردەکەوێ وەگەر نا لە زۆر روەوە هەلا هەلا بوە".