داخستنی هەژماری ترەمپ زیانی پێنج ملیار دۆلاری بەتویتەر گەیاندوه‌

جیهان

14/01/2021‌ 511 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای بڕیاری کۆمپانیای تویتەر بۆ داخستنی یەکجارەکی هەژماری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ماوەبەسەرچوی ئەمریکا، بەهای بازاڕی کۆمپانیاکە پێنج ملیار دۆلار دابەزیوە، ئەویش دوای ئەوەی ڕۆژی دوشەممە پشکەکانی لە12% دابەزین.

بەگوێرەی پێگەی "بیزنس ئینسایدەر"، دابەزینی بەهای پشکەکانی تویتەر بەهۆی ئەوەوەیە کە وەبەرهێنەران ترسی ئەوەیان هەیە دوای داخستنی هەژماری ترەمپ گرنگیدان بەو سەکۆ کۆمەڵایەتییە کەمببێتەوە، بەتایبەتیش ڕەنگە بەشێکی زۆری لایەنگرانی ترەمپ‌و ئەوانەی پێیانوایە داخستنی هەژمارەکەی بەپاڵنەری سیاسیی بوەو بەمەبەست لێی بێدەنگکردنی ڕەوتە پارکارەکانە، بایکۆتی تویتەر بکەن.

دوای تویتەکانی ترەمپ لەسەر بونی ساختەکاری لەهەڵبژاردنەکان‌و بونی پیلانگێڕی لەدژی، هەروەک هێرشی هەفتەی ڕابردوی لایەنگرانی بۆسەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ کە بارەگای هەردوو ئەنجومەنی پیران‌و نوێنەرانە، کۆمپانیای تویتەر هەژماری تایبەتی ترەمپی بەیەکجارەکی داخست کە ٨٨ ملیۆن فۆڵۆوەری هەبوو.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی