کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان هاوکاری عێراق دەکات

عیراق

16/01/2021‌ 331 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

راوێژکارێکی سەرۆک وەزیری عێراق رایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ئامادەیی پیشانداوە بەوەی لەبواری چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکاندا هاوکاری عێراق بکات.

عەبدولموحسین هینداوی راوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق رایگەیاند، لەکاتی کۆوونەوەی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ باڵیۆزانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا و هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لەبەغدا گفتگۆ لەبارەی بابەتی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان و ئامادەیی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی بۆ پشتیوانیکردنی عێراق لەبواری چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان کرا.

هینداوی باسی لەوەش کردووە کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەگوێرەی ئەو ڕێکەوتەی بۆ هەڵبژاردنەکان دیاری دەکرێت کار دەکات، کە لەوەشدا سەرۆک کۆمار و سەرۆکی حکوومەت رۆڵیان لە دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان هەیە، نەوەک کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان.

راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران روونیکردوەتەوە کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان خشتەیەکی کاتی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دیاریکردووە، بەڵام هەندێک لەهێزە سیاسییەکان بەرهەڵستییان کردووە و داوایان کردووە پێداچوونەوە بەکاتی تۆمارکردنی قەوارە و هاوپەیمانیەتییەکاندا بکرێت تاوەکو چانسی زیاتریان پێبدرێت، چونکە پێیان وایە کاتی پێویستیان لەبەردەستدا نییە بۆ تۆمارکردنی کاندید و هاوپەیمانیەتییەکان .

راوێژکارەکەى سەرۆک وەزیرانى عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە دواخستنی هەڵبژاردنەکان تێروانینی بەشێک لە هێز و لایەنە سیاسییەکانە نەوەک هەڵوێستێکی فەرمی.

ئەوە لەکاتێکدا رۆژى پێنج شەممەى رابردوو سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق کۆبوونەوە و تیایدا کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانیش بەشدارى کۆبوونەوەکەی کرد بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە کات و چۆنییەتى هەڵبژاردنەکانى داهاتوو.

ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی