شیعەکان بە چوار لیستی جیاواز بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەن

عیراق

16/01/2021‌ 726 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

 جاسم محەمەد جەعفەر بەیاتی وەزیری پێشوو لە کابینەی حکوومەتەکەی نووری مالیکی رایگەیاند، پێکهاتەی شیعە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بە چوار لیستی جیاواز بەشداری دەکەن، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە ئەگەری هەیە چەند لیستێکی شیعە و سوننە تەنانەت لیستی کوردیش بەیەکەوە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن.

جەعفەر بەپێگەی "ئەخباریە"ی راگەیاندووە، پێکهاتەی شیعە لانیکەم بە چوار لیستی جیواز بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەکەن کە ئەوانیش لیستی دەوڵەتی یاسا، حیکمە، رەوتی سەدر و لیستی نەسڕن، لەگەڵ ئەگەری بوونی چەند لیستێکی تردا بەوپێیەی جارێکی تر لیستە شیعییەکان ناتوانن لەژێر ناوی ناوماڵی شیعی و لەناو یەک لیستی هاوبەشی شیعیدا کۆببنەوە.

بەقسەی بەیاتی گفتوگۆ سیاسییەکان لەڕۆژانی داهاتوودا ڕێگە بە دوروستکردنی هاوپەیمانی شیعەو سوننەو تەنانەت کوردیش نادات، بەڵکو هەموو لایەک لەدوای هەڵبژاردنەکان هەماهەنگی لەگەڵ هەمووان دا دەکەن، ئەویش لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و زانینی سەنگ و قورسایی هەر کوتلەیەک لەناو ئەنجوومەنی نوێنەراندا.

ئەو جەختی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ململانێی ئێستا لەسەر ئەوەیە کە کێ لیستی براوەی یەکەم دەبێت و مافی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی دەبێت، جا وەک براوەی یەکەمبێت یان لەدوای درووستکردنی هاوپەیمانی نێوان کوتلەکان.
ئامادەکردن  : ئاکۆ ئاڵی