کێ لە رۆژی دەستبەکاربوونى بایدن گۆرانى دەڵێت؟

جیهان

16/01/2021‌ 311 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وابڕیارە هەریەک لە لەیدی گاگا و جینیفەر لۆپێزی ئەستێرەی پۆپی ئەمەریکی رۆژی ٢٠ی کانوونی دووەم بەشداری ئاهەنگی دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەک سەرۆکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بکەن.

بەگوێرەی ئاژانسی " AFP" لیژنەی ڕێکخستنی ئاهەنگەکە رونیکردۆتەوە کە لەیدی گاگا لە پلیکانەکانی کاپیتۆڵ سروودی نیشتیمانی ئەمەریکا دەڵێتەوە، دواتر جینیفەر لۆپێز دەستدەکات بە گۆرانیگوتن.

پێشتر ئەو دوو ئەستێرەیە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانی خۆیان بۆ جۆ بایدن دەربڕیبوو، هەروەک بایدن لەیدی گاگای بە هاوڕێیەکی گەورە وەسف کردبوو، بەشێوەیەک لەو کاتەی جێگری باراک ئۆباما بوو بەیەکەوە بەشداریان لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گێچەڵی سێکسیدا کردبوو.

هەروەک بەگوێرەی دەزگاکانی راگەیاندی ئەمەریکی، لەهەمان رۆژدا ئەکتەری ئەمریکی تۆم هانکس بەرنامەیەکی تایبەت پێشکەش دەکات کە لەیەککاتدا  هەموو کەناڵە گەورەکانی ئەمەریکا پەخش دەکرێت ،ئەویش بەمیوانداری چەند موزیسیانێکی ناسراوی وەک جۆن بۆن جۆڤی و جەستن تیمبرلەیک .

لە ساڵی 2009 شدا ( ئاڕێتا فرانکلین ) لە میانەی ئاهەنگی دەست بەکاربوونی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما گۆرانی گوت، هەروەک چۆن بروس سپرینگستین، یو 2 ، شاکیرا و ستیڤ وۆندەر یش گۆرانیان وت، پاش چوار و لەکاتی ئاهەنگی سوێندخواردنی ئۆبامادا بیناسێ سروودی نیشتیمانی ئەمەریکی چڕی.

بەڵام لەساڵی ٢٠١٧ و  لەکاتی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی دۆنالد ترەمپ، هیچ هونەرمەندێکی ناسراوی  ئەمەریکی بەشداریان تێدا نەکرد .
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی