ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئۆڵۆمپیادی دواخراوی تۆکیۆ 2020 هەیە

وەرزش

16/01/2021‌ 105 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تارۆ کۆنۆ وەزیری چاکسازی ئیداری و ڕێکخستنی یابان دانی بەوەداناوە کە هەموو ئەگەرەکان بەرانبەر بە بەڕێوەچوونی ئۆڵۆمپیادی دواخراوی تۆکیۆ ٢٠٢٠ هەیە، ئەوەش دەبێت بە یەکەم دانپێدانانی بەرپرسێکی گەورەی یابانی بەوەی لەژێر سایەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەبارەی بەڕێوەچوونی ئۆڵۆمپیادەوە دڵنیا نین.

کۆنۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆی بەدوور نەزانیوە، بەوپێیەی تۆکیۆ و ناوچەکانی تری ئەو وڵاتە لانیکەم تاوەکو ٧ ی شوباتی داهاتوو دۆخی لەناکاویان تێدا راگەیانراوە.

قسەکانی کۆنۆ پێچەوانەی پێداگرییەکانی یوشیهیدی سوغای سەرۆکوەزیرانە کە رایگەیاندبوو یابان لەڕێگادایە بۆ ڕێکخستنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد بەشێوەیەکی سەلامەت، ئەویش سەرەڕای فراونبوونی دۆخی لەناکاو  کە ١١ ناوچە لەخۆدەگرێت، لەوانە ئۆساکا و تۆکیۆ.

بەپێی راپرسییەکی تازەش، لەسەدا ٨٠ی یابانییەکان دەیانەوێت یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ کە وابڕیارە هاوینی داهاتوو بەڕێوەبچێت، دوابخرێن یان بەیەکجارەکی هەڵبوەشێنرێنەوە.

لای خۆشییەوە یوشیرو مۆری سەرۆکی لیژنەی ڕێکخستنی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ ٢٠٢٠ رۆژی سێشەممە رایگەیاند کە دواخستنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد بەتەواوەتیی ئەستەمە.

ئەو ڕوونیشی کردۆتەوە کە دەبێت لەنێوان مانگی شوبات تا مارسی داهاتوو بڕیارێکی زۆر قورس بدەن کە ئایا هاندەران ئامادەی یارییەکان دەبن یان نا .

هەرچی لیژنەی ڕێکخستنی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ ٢٠٢٠ وتویەتی ئەو ڕێکارە نوێیانەی حکوومەت بۆ پێشگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا گرتوونییەتەبەر یارمەتیدەرن نەوەک ئاستەنگ درووستکەر بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکان.

هەروەک لیژنەکە ئومێدی خواستووە لەزووترین کاتدا ژیان بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی و ئەوان بتوانن لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کار لەسەر ئامادەسازییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان تا هاوینی داهاتوو بکەن.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی