فراکسیۆنی گۆڕان: پێویستە نەوت رادەستی بەغدا بکرێت نەک هەرزانفرۆش و تاڵانفرۆش بكرێت

عیراق

16/01/2021‌ 789 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراکسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت،پێویستە نەوتی خەڵکی کوردستان ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە کێشەی پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا، "نەک هەرزانفرۆش و تاڵانفرۆش بخرێتە خزمەتی دەوڵەتان و حزب و خێزانە سیاسیەکان".

لەراگەیەندراوێكدا فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەكردووە، "هەمو هەوڵێکی فراکسیۆنی گۆڕان وەک پێکهاتەیەکی کاریگەری ناو هاوپەیمانیی هیوای کوردستانی چالاککردنی رۆڵی نوێنەرایەتیە لە ئاست کاری پێکەوەییدا و رێگرتنە لە هەر قۆرخکارییەکی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق کە حزبێک یان ئاراستەیەکی سیاسیی ناو هەرێم بیەوێت  بەناوی نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستانەوە و لەسەر حسابیی خەڵکی هەرێم، ئەجێندا حزبیی و شەخسی و عائیلیەکانیان جێکەوت بکەن".

ئاماژە بەوەشدراوە، "دەربارەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕالی بۆ ساڵی 2021، فراکسیۆنی گۆڕان بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە رایدەگەیەنێت کە لەگەڵ ئەوەدایە چیتر لە پاڵ تاڵانکردنی داهاتەکانی کوردستاندا بەتایبەت داهاتی نەوت خەڵکی کوردستان بێموچە و بێ بودجە نەکرێ بەناوی دروشمی موزەییەف و، کاتی ئەوە هاتوە نەوتی خەڵکی کوردستان ببێتە هۆی کۆتایی هێنان بە کێشەی پشکی هەرێم لە موازەنەی فیدراڵیدا، نەک هەرزانفرۆش و تاڵانفرۆش بخرێتە خزمەتی دەوڵەتان و حزب و خێزانە سیاسیەکان"..

ئەوەش خراوەتەڕو، "هەڵمەتێکی ناوزڕاندن و تۆمەتبەخشینەوە بە شێوەیەکی رێکخراو و هاوبەش لەلایەن پارتی و هاوئاوازەکانییەوە دژی هاوپەیمانیی هیوا بە گشتی و فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامانی بە تایبەتی بەرێوەدەچێت، ئێمە لە کاتێکدا هۆشداری دەدەین لەوەی بەوردی ئاگاداری سەفقە و پیلانەکانیانین، ئاگاداریشیان دەکەینەوە کە هەرگیز و لە ژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری ئەو ئامانجانە نابین کە وەک گرێبەستی نێوان ئێمە و خەڵک وایە و لەسەرەتاوە گۆڕانی لە پێناودا دامەزراوە".

لەبارەی بەرنامەی داهاتوشیان فراکسیۆنی گۆڕان باسیلەوەكردووە، "ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەو قەناعەتە سیاسیانەن کە لە سەرەتای گۆڕانەوە وەک بەڵێنی سیاسیی بەخەڵکمانداوە و لە دەرەوەی بەرژەوەندی گشتی نابینە پارێزەری خەڵکی لادەر و، بەردەوام دەبین لە نوێنەرایەتی کردنی راستەقینەی جەماوەری گۆڕانخواز و ناڕازیی کوردستان کە ئێمە شەرعییەتمان لەوان وەرگرتوە".