سەرەڕای قەیرانى دارایی.. بودجەی حەشدی شەعبی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکراوەتەوە

عیراق

17/01/2021‌ 304 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەیمانگای "برۆکینگز" لە راپۆرتێکیدا تیشکی خستۆتەسەر مەترسییەکانی ئەو هەڵاوسانەی لە بودجەی پێشنیازکراوی ئەمساڵی عێراقدا هەیە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە تەرخانکردنی بڕە پارەیەکی زەبەلاح بۆ دەزگا ئەمی و سەربازییەکان لەوانە هێزەکانی حەشدی شەعبی.

پەیمانگا ئەمەریکییەکە لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت گوشارە دارایی و ئابوورییەکان کە بەرئەنجامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و دابەزینی بەهای نەوتی خاون، ڕێگرنەبوون لەوەی حکوومەتی عێراق پارەی تەرخانکراو بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩  لەسەدا ٤٥،٧ زیاد بکات، واتە زیاتر لە ٢،٤ تڕیلیۆن دینار .

راپۆرتەکە هۆشداریداوە لەوەی تەخانکردنی ئەو بودجە گەورە بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی وابکات توانای ئابووری گرووپە نیمچە سەربازییەکان و قەوارە سیاسییەکانی سەر بەو هێزانە زیاتر ببێت، ئەمەش وادەکات ئەو هێزانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان ئەو توانا داراییە گەورەیە بۆ کڕینی دەنگی دەنگدەران بەکاربهێنن.

لەبەشێکی راپۆرتەکەدا هاتووە کە گرووپەکانی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر ناوچە سنوورییەکان و ئەو پێگانەدا گرتووە کە پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەیان تێدا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش وادەکات لەڕێگا نایاسایی و ناشەرعییەکانەوە پارەیەکی زیاتریان دەستبکەوێت و دەرفەتی کاری نایاسایی بۆ ئەندامانیان دەستەبەر بکەن لەکاتێکدا وڵات بەدەست کەمی دەەفەتی کارەوە دەناڵێنێت.

راپۆرتەکە پێشبینی کردووە کارەکتەرە سیاسییە عێراقییەکان لەوانە حەشدی شەعبی زیاتر بەڕووی جەماوەردا بکرێنەوە و هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی خەڵک بدەن، وەک چۆن لەهەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ کردیان کاتێک جەنگی داعش و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاریان قۆزتەوە بۆئەوەی خەڵکی تازە بێننە ریزەکانیانەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی