كازمى پشتگیرى ته‌واوى چالاککردنى سەکۆیەکى ئەلکترۆنى بۆ دەستەى خاڵە سنوریەکان ده‌كه‌ین

عیراق

17/01/2021‌ 731 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مسته‌فا كازمى سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، پشتگیرى تەواوى چالاککردنى سەکۆیەکى ئەلکترۆنى بۆ دەستەى خاڵە سنوریەکان و پرۆژەى بە ئەلکترۆنیکردن دەکات.  
 
لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگه‌ى راگه‌یاندنى سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند: "کازمى چاوى بە عومەر وائیلى سەرۆکى دەستەکە کەوتوە و پشتگیرى تەواوى خۆى بۆ پرۆژەى بە ئەلکترۆنیکردنى خاڵە سنوریەکان و کۆنترۆڵکردنى تەواوەتیان کردوە بە ئامانجى بنەبڕکردنى سەرپێچیەکان و زیادکردنى داهاتى حکومەت.  
 
بەگوێرەى راگەیەندراوه‌كه‌ کازمى ستایشى ڕۆڵى گەورەى دەستەکەى کردوە لە چاودێرى و سەرپەرشتیکردن و وردبینى و لایەنى ئاسایشى فەرمانگەکانى خاڵە سنوریەکان و هەروەها باس لە ڕێوشوێنەکانى تایبەت بە چالاککردنى سەکۆیەکى ئەلکترۆنى کراوە کە لەلایەن دەستەکەوە ئامادەکراوە.   
 
لاى خۆیەوە عومەر وائیلى جەختی لەوە کردوەتەوە، ساڵى 2021 ساڵێکى تایبەت و سەرکەوتوو دەبێت و تەواوکەرى ساڵى ڕابردوو دەبێت لە بەدەستهێنانى داهات بۆ پشتگیریکردنى موچە و کۆنترۆڵکردنى سەرپێچیەکان و لەناوبردنى گەندەڵى و گەندەڵکاران.