ناسا: ژمارەی گەلەستێرەکان زۆر لەوە کەمترە کە پێشتر پێشبینیدەکرا

هەمەڕەنگ

18/01/2021‌ 439 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی مەزەندە نوێکانی کەشتی ئاسمانی نیوهۆرایزۆنی سەر بەئاژانسی بۆشاییگەری ئەمەریکی (ناسا)، ژمارەی گەلەستێرەکانی ئاسمان سەدان ملیارن نەوەک دوو ترلیۆن گەلەستێرە وەک ئەوەی پێشتر لەلایەن زاناکانەوە پێشبینیکرابوو.

بەوپێیە وادەردەکەوێت گەردون ئەوەندە قەرەباڵغ نەبێت وەک ئەوەی لەپێشتر بیری لێدەکرایەوە، لەوبارەیەوە مارک پۆستمان لەپەیمانگای زانستی تەلیسکۆبە ئاسمانییەکان لەبالتیمۆرو ئامادەکاری سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە دەڵێت:"ژمارەیەکی گرنگە دەبێت بزانین چەند گەلەستێرە هەیە، بەسانایی ئێمە ڕووناکایی دوو ترلیۆن گالاکسی نابینین".

خەمڵاندنەکانی پێشوو بۆ زانینی ژمارەی گەلەستێرەکان لەسەر بنەمای چاودێریکردنی قوڵی ئاسمان بوو لەلایەن تەلیسکۆبی هابڵی سەر بەناسا، لەگەڵ ئەوەشدا هابڵ پشتی بەنموونەی بیرکاری دەبەست بۆ خەمڵاندنی ژمارەی گالاکسییەکان کە وا بیردەکرایەوە کە زۆرێک لە گالاکسییەکان لەدەرەوەی توانای تەلسکۆبەکانن.

ناسا پلانی هەیە بۆ بەردەوامیدان بەو لێکۆڵینەوەیەو زانینی ژمارەی گەلەستێرەکان لەگەردوندا نیازی وایە پشت بەتەلسکۆبی جەیمس وێب ببەستێت کە لەماوەی داهاتودا بەگەڕدەخرێت.

ئاژانسە ئەمەریکییەکە دەڵێت، پێدەچێت تەلسکۆبی جەیمس وێب توانای هەڵهێنانی ئەو مەتەڵەی هەبێت‌و بتوانێت وێنەی زۆر قوڵی گەردوون بگرێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە