پەیامەكەی بەرهەم ساڵح جاڕدانی مردنی سیستەمە كۆنەكەیە

مەلەفی تایبەت

18/01/2021‌ 2074 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تەنیا لە ماوەی ساڵێكدا، ئەوە دووەمجارە كە سیستەمی سیاسی (دیموكراسی) لە عێراق زۆر بە توندی دەهەژێت، یەكەمیان شۆڕشی ئۆكتۆبەر بوو كە دروشمی ڕووخانی سیستەمە سیاسییەكەی عێراقی هەڵگرتبوو، لەو پێناوەشدا سەدەها قوربانی و هەزارەها برینداری بخشین، ئەمەش ئاماژەیەك بوو بۆ بێ متمانەیی بە دەرهایشتەكانی سیستەمی سیاسی و سەرجەم كایەكانی حوكمڕانی كە تۆمەتبارن بەوەی ئامانجەكانیان ڕەوا نین و لە دەرەوەی بنەما سەرەكییەكانی دەستور حوكمڕانی دەكەن.

دوای 17 ساڵ لە حوكمڕانی، عێراقییەكان بۆیان دەركەوت كە دوڵەتەكەیان دەوڵەتی یاسا و دەسەڵاتێكی ڕەوا نییە و بگرە پاشاگەردانییە، حكومەتەكانیان گەندەڵ و بەڵا بوون بەسەر گەلەوە، بۆیە عێراقییەكان كەوتنە جوڵە تاوەكو ببنەوە خاوەن دەوڵەت، دەوڵەتێك موڵكی گەل بێت و بە گوێرەی گریبەست و ڕێككەوتنێك كارەكانی ڕایی بكات و هەمووشیان پێیەوە پابەندبن، گەل سەرچاوەی دەسەڵاتی سیاسی بێت، نەوەك چەند سەركردەیەكی نالێوەشاوەی دەستوپێ سپیلكە، هەر ئەمەش وایكرد شەرعیەتی جەماوەری بۆ سیستەمەكەی ئێستا لاواز بێت و بە حاڵ و دوو بەڵا هەستی پێ بكرێت.

هەژانی دووەم پەیامەكەی سەرۆك كۆمار د. بەرهەم بوو، كە داوای لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی جێبەجێكردن كرد سیستەمێكی تازە بۆ عێراق دابڕێژرێت، ئاماژەی بەوەشدا كە وڵات پێویستی بە پەیمان یان ڕێككەوتنێكی سیاسی تازەیە، پێشی وایە ئەو سیستەمە سیاسییەی لە ساڵی 2003 و فەرمانڕەوایە، كڵۆڵ و دەستەوەستانە و ناتوانێت خزمەتی وڵات و نیشتمان بكات.

پەیامەكەی سەرۆك كۆمار دەستی لەسەر برینەكان دانا، كەموكورتییە بونیادگەراییەكانی دەستنیشان كردن، ئاماژەشی بە شێوازی حوكمڕانییەكی تەندروست كرد، دانی بەوەشدانا كە ئەو سیستەمەی لە 2003 وە حوكمڕانە، درز و كەلێنێكی گەورەی تێكەوتووە، بۆیە ناتوانێت خزمەت بە هاوڵاتییان بكات كە لە ئێستادا لە سادەترین مافە ڕەواكانیان بێبەشن.

سەرۆك كۆمار بەم پەیامەی سەرەوە نیشانیدا كە زیاتر لە تیۆرەكەی (جۆن لۆك) - ەوە نزیكە كە باس لە سرووشتی گرێبەستی كۆمەڵایەتی دەكات سەبارەت بە بیاتنانی حكومەتێكی مەدەنی، فەلسەفەی تیۆرەكەی جۆن لۆك لەسەر ئەوە بەندە كە هاوڵاتییان دەستبەرداری هەندێك لە مافەكانی خۆیان دەبن بۆ دەسەڵاتی فەرمانڕەوا، بەڵام هێشتا هەر خۆیان دەسەڵاتدارن و بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن.

لە سیستەمە سیاسییە پەیڕەوكراوەكەی عێراقدا چەند سەركردە و چینێكی سیاسی هەن كە پێیان وایە ئەو گرێبەستە سیاسییە- كۆمەڵایەتییەی ئەوان عێراقیان لەسەر بنیاتناوە و بە هەڵبژاردن هاتووە ساختەیە، ڕێگە بە گزیكاری و فرتوفێڵ دەدات و پاساویشی بۆ دێنێتەوە، بەو ئامانجەی دەسەڵات و دامەزراوەكانی دەوڵەت قۆرغ بكەن، مافی ئەوەش بە خۆیان بدەن یاساكان داڕێژن و هەر خۆشیان لێكدانەوەی بۆ بكەن، نەك هەر ئەوەندە، بگرە مافی ئەوەشیان بە خۆیانداوە دەسەڵاتی ستەمكاری ڕەهای حزبەكان جێگیر بكەن و كۆمەڵ و گروپ و دەستەبژێر و كەسانی تازەپێگەیشتووی لێوەشاوەی سەر گۆڕەپانی سیاسی بسڕنەوە و پەراوێز بخەن.
بەلایەنی كەمەوە ئەوەی سەرۆك كۆمار دكتۆر بەرهەم ساڵح قسەی لە بارەوە كرد خوێندنەوەیەكی وورد و واقیعییانەیە بۆ سرووشتی تەنگژە سیاسییەكەی عێراق كە هۆكارەكەی خودی سیستەمەكە و چینە سیاسییەكە و بێمتمانەی گەلە بە دەسەڵات، چونكە عێراقییەكان متمانەیان بە چینە سیاسییە فەرمانڕەواكەیان نەماوە و دەزانن كە سیستەمەكەیان گیانەڵایەتی، بەو پێیەی پڕۆسەی سیاسی لە وڵاتدا لە ڕێڕەووە ڕاستەقینەكەی خۆی لایداوە و لەسەر ئەو بنەمایە ڕێ ناكات كە پەیوەندی نێوان دەسەڵاتداران و خەڵك ڕیكدەخات و ئەرك و مافەكانیشیان دیاری دەكات.

لێرەوە پەیمان و ڕێككەوتنێكی سیاسی تازە دەبێتە یەكەم هەنگاوی چاكسازییەكی ڕاستەقینە، بە تایبەتیش كە بەڵاو نەهامەتییەكانی 17 ساڵەی حوكمڕانی لەمەوپێش بای ئەوەن بۆ یەكتری داشكێنین و بیر لە بنیاتنانی سیستەمێكی سیاسی تازە بكەینەوە و دەرفەتی هاتنەپێشەوە بۆ ئەقڵیەت و سیاسییە تازەكان بڕەخسێنین، بەو ئامانجەی ئەوانیش بتوانن بنەما ڕاست و دروستەكانی سیستەمێكی سیاسی تازەی پتەو لەسەر بنەمای پەیمان و ڕێككەوتنێكی تازە دابڕێژن كە نیشتمانی بێت و پاشكۆی دەرەوە نەبێت، هەلی وەكیەك و دادپەرەری و بەشداری سیاسی بۆ هەمووان دەستەبەر بكەن.
ئەوەی دكتۆر بەرهەم ئاماژەی پێكردووە، هاوتەریبە لەگەڵ داواكارییەكانی شۆڕشی ئۆكتۆبەری 2019، دوا پەیامی هۆشداری و ووریاكردنەوەیە بۆ هێزە گەندەڵكار و پاوانخوازەكان، پوختەكەی ئەوەیە كە دانەشكاندن بۆ یەكتری دەمانگەیەنێتە سەرهەڵدانی شۆڕشێكی پڕ توندوتیژی، چارەنووسی ئەو هێز و حزب و ڕەووتانەش كە لە ساڵی2003 وە فەرمانڕەوان باش نابێت، بەڵكو زۆر خراپتر دەبێت لە چارەنووسی سیستەمی پێشوو و ڕەمزەكانی.

سیستەم و چینە سیاسییەكەی عێراق، بەڵێنەكانیان سەبارەت بە چەسپاندنی دیموكراسی و دادپەروەری بۆ گەل نەهێنایەدی، بەڵكو دەوڵەتیان كردە چوارچێوەیەك بۆ ستەمكاری و گەندەڵی، كردیانە موڵكی چەند خێزان و حزبێك، كردیانە قەوارەیەكی هاوتای دەوڵەت، بۆیە لە پێناو بەرژەوەنی باڵای وڵات و نیشتمان، زۆر پێویستە ئەو سیستەمە كۆنینەی ئێستا بوەستێنین و قۆناغێكی ڕاگوزەری تازە دەستپێبكەین كە دەستەبژێر و ئەقڵە تازكان پێشەنگی بن، سیستەمێك خاڵی بێت لەو حزبە گەندەڵانەی عێراق كە گەلەیان تووشی مەرگەسات و كارەسات كرد، سیستەمێك لەسەر بنەمای ستراتیژیەتی گفتوگۆیەكی نیشتمانی، تیایدا هێزە شكستخواردووەكان پاشەكشە بكەن لە گۆڕەپانی سیاسی و داوای لێبووردنیش لە گەل بكەن، بە چالاكی سیاسی و كاری بەرهەمدار كۆتایی بێت كە سەروەری بۆ گەل بگێڕێتەوە نەوەك دەسەڵاتخوازی فەرمانڕەوایان پتەوتر بكات.

لە ڕاستیدا ئەو گرێبەستە سیاسییە تازەی باسی لێوە دەكەین، جاڕدانی فەرمی كۆتایی سیستەمە سیاسییە كۆنەكە و هێزە سیاسییەكانیەتی كە توند چنگیان لە دەسەڵات گیركردووە و دەستبەرداری نابن، سیستەمێك بێت ئەگەر و گریمانەی لێكدانەوە و قورتوقولاپ و فرتوفێڵی تێدا نەبێت، بۆیە زۆر گرنگە بە گیانێكی نیشتمانییەوە خۆمان بۆ قۆناغی ئایندە سازبدەین؛ ئامادەسازییەك لە ئاست گەورەیی خەون و هیواو و ئاواتەكانی گەلی عێراقدا بیێت.

پێگەی ئەلەكترۆنی: الحل نیت
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر
https://7al.net/?p=239467
د. ئیحسان ئەلشمری 
وەرگێڕانی: لوقمان حاجی قادر


بەپەلە