شارپرێس:
به‌هۆى سێ كێشه‌ى سه‌ره‌كى له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا تادێت ژماره‌ى ئه‌و به‌رپرسانه‌ى له‌و بزوتنه‌وه‌یه له‌پۆسته باڵاكان ده‌كشێنه‌وه زیاترده‌بێت، به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى تایبه‌ت ده‌ست شارپرێس كه‌وتون، خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندنى گۆڕان كه له‌حه‌وت ئه‌ندام پێكهاتوه، سیانیان ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌و به‌شداریی كۆبونه‌وه‌كان ناكه‌ن.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى تایبه‌ت ده‌ست شارپرێس كه‌وتون، ماوەى پێنج مانگه جه‌لال جه‌وهه‌ر ئه‌ندامى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن‌و سكرتێرى ژورى فراكسیۆنه‌كان‌و حكومه‌ت له‌بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌سێ کۆبونەوەى خانەى ڕاپه‌ڕاندن بەشدارینەکردوەو نامەى دەستلەکارکێشانەوەى بەڕێکخەرى گشتى بزوتنه‌وه‌كه داوه.
هاوكات شارپرێس زانیارى وردى ده‌ستكه‌وتوه له‌سه‌رئه‌وه‌ى، شەماڵ عه‌بدولوه‌فا ئه‌ندامى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن‌و هاوكات سکرتێرى کاروبارى باژێروانه‌کان، پێشتر دوجار نامەى دەستلەکارکێشانەوەى به‌خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن داوه.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش زانراوه، لە١٢ى ئه‌م مانگه‌شدا جارێکى دیكه نامەى دەستلەکارکێشانەوە پێشكه‌شكردۆته‌وه‌و به‌شداریی كۆبونه‌وه‌كانى خانه ناكات.
دوا کەسیش عەدنان عوسمان ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن‌و سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه كه دوو ڕۆژ پێش ئێستا بۆجارى دوه‌م دەستلەکارکێشانه‌وه‌ى خۆى ڕاگه‌یاند.
عه‌دنان عوسمان یەکەمجار لەمانگى ٩ى ساڵى ڕابردوو نامه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى پێشكه‌شكرد، به‌ڵام ئه‌وكات قبوڵنه‌كراو ڕێگه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى پێنه‌درا، به‌ڵام له‌دوا كۆبونه‌وه‌ى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندندا به‌بێئه‌وه‌ى هیچ قسه‌یه‌ك بكات به‌شدارییكردوه‌و دواتریش نامه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى لەپەیج‌و ئەکاونته‌كانى خۆى له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوكرده‌وه وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى هیچ ڕێگه‌یه‌كى دیكه‌ى نه‌ماوه له‌وه زیاتر.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست شارپرێس كه‌وتون، ئه‌و كێشانه‌ى له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا دروستبون هۆكاره‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بۆ دەستێوەردان لەکاروبارى خانەى ڕاپەڕاندن‌و هه‌روه‌ها نزیکایەتى گۆڕان لەئاراستەى پارتى لەحوکمڕانى‌و دوا تێبینیش كه گۆڕانخوازان هه‌یانه، خراپى ئیدارەدانى ئێستاى بزوتنەوەکەیه.
ساڵى 2009 بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دامه‌زرا، دواى كۆچى دوایى نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێكخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌كه، گۆڕان توشى جۆرێك له‌په‌رتبون‌و وازهێنانى سه‌ركرده‌كانى بۆوه، له‌دیارترینیان، كۆچكردوو قادرى حاجى عه‌لى‌و سه‌ركرده‌ى دیارى سیاسى كورد عوسمانى حاجى مه‌حمود، ئه‌وه سه‌ربارى ناڕه‌زایی زۆرى لایه‌نگرانى بزوتنه‌وه‌كه.
ش.هـ