چی ڕودەدات ئەگەربێت‌و ترەمپ کۆشکی سپی جێنەهێڵێت؟

جیهان

20/01/2021‌ 535 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی "ڤۆیس ئۆف ئەمێریکا" لەگەڵ ئەوەی هیچ سەرۆکێکی ئه‌مریكی نەبوە لەمێژودا دوای تەواوبونی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کۆشکی سپی جێنەهێشتبێت، بەڵام لێرەدا پرسیاری ئەوە دێتە گۆڕێ ئایا چی ڕودەدات ئەگەرهات‌و ترەمپ ئەوکارەی کرد؟

بریان کاڵت مامۆستای کۆلێژی یاسای زانکۆی ویلایەتی میشیگان دەڵێت:"ئامانجی سەرەکی سیستمی سیاسیی لەئەمریکا ئەوەیە کە سەرۆک ماوەیەکی دیارینەکراوی نەبێت، بەشێوەیەک سەرۆک کۆمار ماوەی چوارساڵی هەبێت، ئەگەر دوبارە هەڵبژێردرایەوە ئەوە باشە، ئەگەرنا ئەوە دەبێت بڕوات".

کاڵت ئاماژەی بەوەشکردوە، هەمواری بیستەمی دەستوری ئه‌مریكا دەڵێت:"ماوەی سەرۆکایەتیی لەدوای نیوەڕۆی ڕۆژی ٢٠ی یەنایەر کۆتایی دێت‌و لەو ڕۆژەدا سەرۆکی نوێ سوێندی یاسایی دەخوات، ئیتر ئەوکەسەی پێشتر لەکۆشکی سپی بوو چیتر سەرۆک نامێنێت‌و ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی دێت".

لەوەڵامی پرسیاری ئەوەدا ئایا چی ڕودەدات ئەگەرهات‌و سەرۆکی ماوەبەسەرچوو ئامادەنەبوو کۆشکی سپی چۆڵ بکات؟ لەوەڵامدا مێژونوس بروس کۆکلیک دەڵێت:"دوای سوێندخواردنی سەرۆکی نوێ، سوپا هاوڕێیەتی سەرۆکی پێشوو بۆ دەرەوەی کۆشکی سپی دەکات، بەدڵنیایی ئەوەش لەگەڵ ترەمپ ڕودەدات".

کۆکلیک وتوشیەتی:"مانەوەی سەرۆک لەکۆشکی سپی دوای تەواوبونی ویلایەتەکەی بە"داگیرکاری" هەژماردەکرێت، بەڵام ئەمە نایکاتەوە بەسەرۆک".

هەروەک کەیت ماسور مامۆستای مێژوو لەزانکۆی نۆرس ویستێرن جەختیکردۆتەوە له‌سه‌رئه‌وه‌ى، "ئەوەی کەسێک دەکات بەسەرۆک ئەو بەسەرۆک دانانەیە کە لەئەنجامی پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆک لەهەڵبژاردنەوە  دێت، هیچ دەقێکیش لەدەستوردا نەهاتوە بڵێت ئەوکەسەی لەکۆشکی سپییە، ئەوە سەرۆکی کرداری وڵاتە".

ڕۆژی دوشەممەش"میلانیا تره‌مپ" خانمی یەکەمی ئه‌مریكا وتارێکی ماڵئاوایی بڵاوکردەوە کەنزیکەی حەوت خولەک بوو، تێیدا هانی ئه‌مریكایییەکانیدا "خۆشەویستی بەسەر ڕق"و "ئاشتی بەسەر توندوتیژی"دا هەڵبژێرن.

میلانیا لەوتارەکەیدا وتی:"لەکاتێکدا من‌و دۆناڵد کاتمان لەکۆشکی سپی تەواو دەبێت، بیر لەهەموکەسەکان‌و چیرۆکە جوانەکان لەبارەی خۆشەویستی‌و نیشتمانپەروەری‌و خۆ تەرخانکردن دەکەمەوە".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی