ڕۆژئاوا پلانی خۆى ئاشکرادەکات
گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن‌و دەرکردنی تورکیا"

کوردستان

21/01/2021‌ 1140 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی "هاوار نیوز"، لەدوەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆسەر لەڕۆژئاوای کوردستان، پلانی ئه‌مساڵى ئیدارەکە ئاشکراکرا کە بریتییە لەدەستکردن بەگفتوگۆ لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریاو هەوڵدان بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا لەڕۆژئاوای کوردستان‌و سوریا.

لەوچوارچێوەیەدا عەبد حامید مەهباش هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆسەر وتویه‌تى:"ئه‌مساڵ لەسەر ئاستی سیاسیی کار لەسەر گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی نیشتیمانی سوریا دەکەین لەپێناو گەیشتن بەچارەسەرێکی سیاسیی‌و دەرکردنی داگیرکەری تورکی لەخاکی سوریاو گەڕانەوەی ئاوارەکان‌و پشتیوانیکردنی بەردەوامی گفتوگۆی لایەنە کوردییەکان".

هەروەک لای خۆیەوە ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات "مەسەدە" ڕایگەیاندوە، "لەدوای بەنێودەوڵەتیبونی قەیرانی سوریا، ئێستا هەموو وڵاتان لەگۆڕەپانی سیستەمی جیهانیدان، ئەم پرسەش ئاڵنگاری‌و سەختی خۆی هەیە، بەوپێیەی بەرژەوەندی نێودەوڵەتیی هەیە ڕێچکەی خۆی لەقەیرانی سوریادا گرتوەو هەموو وڵاتە هەرێمییەکانیش دەیانەوێت بونیان لەسوریادا هەبێت".

وتوشیه‌تى:"ڕژێمی سوریا ئامادەی دانوستان نییەو هێشتا بڕوای بەچارەسەری سەربازیی دورخستنەوەی لایەنەکان هەیە، لەکاتێکدا هێزە بەرهەڵستکارەکان بەهۆی پەرتەوازییانەوە پشتیوانی ئەو سیاسەتەی ڕژێم دەکەن".

هاوسەرۆکی مەسەدە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوى ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەوەی، هۆکاربوە بۆئەوەی قەیرانی سوریا بگاتە ئەو ئاستە لەدەستتێوەردانی ڕاستەوخۆو خۆ دورەپەرێزگرتنی ئەمریکاو ڕازیبون بەڕۆڵی تەماشاکەر لەگۆرەپانەکەدا.

ڕونیشیکردۆتەوە، "جیهان چاوی لەوەیە بزانێت چی لەئیدارەی نوێی ئەمریکا ڕودەدات‌و سیاسەتیان بەرامبەر قەیرانی سوریا چی دەبێت".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی 

بەپەلە