دراوێکی دیجیتاڵی تر ڕکابەری بیتکۆین دەکات

ئابوری

21/01/2021‌ 1637 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەڵبەزو دابەزی نرخی دراوی ژمارەیی "بیتکۆین" وایکردوە وەبەرهێنەران ڕوو لەدراو ژمارەییەکانی تر بکەن، کە یەکێک لەوانە دراوی ژمارەیی"ئیسریۆم"ە، کە لەمساڵدا بەهاکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە.

بەپێی داتاکان، بەهای دراوی ژمارەیی ئیسریۆم بەراورد بەبیتکۆینی ڕکابەرە گەورەکەی، بەشێوەیەکی باشتر نرخەکەی هەڵکشاوە، بەشێوەیەک ئیسریۆم لەساڵی ٢٠٢١ بەڕێژەی لەسەدا ٨٠ بەهاکەی بەرزبۆتەوە، لەکاتێکدا بیتکۆین ڕێژەی بەرزبونەوەی نرخەکەی لەسەدا ٢٦ بوە.

بەگوێرەی ئاژانسی "بلومبێرگ"، فیگای ئایار سەرۆکی پەرەپێدانی کارەکانی بۆرسەی دراوە دیجیتاڵییەکان LUNO لەسەنگافورە وتویەتی:"لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا بیتکۆین هەڵبەزو دابەزی زۆر لەنرخەکانیدا ڕویدا، بۆیە وەبەرهێنەران ڕویانکردە دراوە ژمارەییەکانی تر".

لەماوەی ڕابردودا پرسیارگەلێکی زۆر لەبارەی فاکتەرەکانی بەرزبونەوەی دراوی بیتکۆین دروستبون، بەشێوەیەک لە ٨ی یەنایەر بەهای یەک بیتکۆین گەیشتە ٤٢ هەزار دۆلاری ئەمریکی، کەبەپێی لێکۆڵینەوەیەکی بلومبێرگ ئیکۆنۆمیست، جامبازییەکان هۆکاری سەرەکی ئەم بەرزبونەوەیە بوە.

هەروەک ستراتیژداڕێژەرانی بانکی مۆرگان ستانلی دەڵێن ئاستی ٤٠ هەزار دۆلار بۆ دراوی بیتکۆین ئاستێکی گونجاوە، بۆیە ئەگەربێت‌و بەمنزیکانە جارێکی تر ئاستەکەی بۆ سەروو ئەو نرخە بەرزنەبێتەوە، ئەوە مەترسیی زیاتر دابەزینی لەسەرە.

دراوی "ئیسریۆم" کە بەپارەدارکردنی ناناوەندی بەناوبانگە، ڕۆژی سێشەممە بەهاکەی لەسەدا ٩،١ بەرزبۆوەو بە ١٣٣٠ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی